ئەمشەو کلاسیکۆیە و بارسێلۆنا دەیەوێت کارێک بکات کە هەرگیز نەکرابێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریی کلاسیکۆی ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەکرێت، یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت مێژوو تۆماربکات و بۆ یەکەمجار بردنەوەی کلاسیکۆ بکاتە ئاهەنگی بردنەوەی نازناوی لالیگا.
سێ گەڕ پێشکۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا و لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی خولەکەدا، بارسێلۆنا لە کامپ نو میوانداریی ریال مەدرید دەکات و یارییەکە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت.
لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، لامین یامال پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، رافینیای ئەستێرەی بەرازیلی چەند رۆژێک پێش کلاسیکۆ دەستی بە مەشق و راهێنان کردەوە و بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە، بەڵام دیارنییە لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبێت یان نا.
لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید، هەریەکە لە ئاردا گولەر، فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، رۆدریگۆ، ئێدێر میلیتاو، دانی سێبایۆس، دانی کارڤاخاڵ و فێرلان مێندی پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، کیلیان ئێمباپێ بۆ یارییەکە ئامادەیە و میدیای ئیسپانیا دەڵێت یاریزانەکە بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات.
ریال مەدرید لەکاتێکدا دەچێتە بارسێلۆنا بۆ ئەنجامدانی کلاسیکۆ، هەفتەیەکی پڕ لە کێشەی بەڕێکرد، دوای ئەوەی شەڕ و ئاژاوە لەژووری جلگۆڕینی یانەکەدا لەنێوان ڤاڵڤێردی و چوامینی روویدا و ئەوە دۆخی یانەکەی بەتەواوی تێکدا.
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی کارێکی مێژوویی بکات و بۆ یەکەمجار لە رێگەی کلاسیکۆوە ببێتە پاڵەوان، چونکە پێشتر هەرگیز رووینەداوە یانەیەک لە کلاسیکۆدا راستەوخۆ ئاهەنگی بردنەوەی نازناوەکە بگێڕێت، ئەمە لەکاتێکدایە بارسێلۆنا بەبردنەوە و یەکسانبوون لە یارییەکەی ئەمشەودا دەتوانێت بە رووبەڕوبوونەوەی راستەوخۆی ریال مەدرید ببێتە پاڵەوان، بۆیە یانەی شاهانە دەیەوێت رێگە بەوە نەدات.
لەلایەکی دیکەوە میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەمشەو فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە کلاسیکۆدا ئامادەنابێت و پێش ئەنجامدانی یارییەکەش ئەو ئێوارەخوانە کلاسیکییەی ساڵانە لەنێوان هەردوو یانەدا دەکرێت ناکرێت".
بارسێلۆنای هانزی فلکی بەدوای بردنەوەی دووەم نازناوی لەسەریەکی لالیگادا دەگەڕێت و خۆی بۆ ئاهەنگ ئامادەکردووە، ریال مەدرید وەرزێکی خراپی بەڕێکرد و هیچ نازناوێکی لەم وەرزەدا نەبردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی یانەکە بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕێت و بە دوای راهێنەرێکی نوێدا بگەڕێت کە هەموو ئاماژەکان ئێستا بۆ گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆن بۆ یانەکە.
پێش ئەنجامدانی کلاسیکۆی ئەمڕۆ، یانەی بارسێلۆنا لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا خاوەنی 88 خاڵە، لەم وەرزەدا لە 34 یارییدا 29 بردنەوە، 1 یەکسانبوون و 4 دۆڕانی هەیە.
ریال مەدرید لە 34 یارییدا خاوەنی 24 بردنەوە، 5 یەکسانبوون و 5 دۆڕانە و خاوەنی 77 خاڵە.
کیلیان ئێمباپێ گۆڵکاری ئەم وەرزەی لالیگایە، 24 گۆڵی تۆمارکردووە و چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو لەنێو ناڕەزایەتییەکی زۆری هاندەرانی ریال مەدرید بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی یانەکە.