کلاسیکۆ لە نێوان دڵخۆشییەکانی کەتەلۆنیا و خەمی مەدریدییەکاندا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگای کامپ نو، یانەی بارسێلۆنا میوانداریی ریال مەدرید دەکات، لە دوایین کلاسیکۆی ئەم وەرزی نێوان هەردوو یانەدا بەیەکدەگەن.
یارییەکە لە دوو دۆخی تەواو جیاوازدا بۆ هەردوو یانەکە بەڕێوەدەچێت.
لە بارسێلۆنا، مەشقەکانی یانەکە بەرلە لە یارییەکە، لە ئارامییەکی تەواودا بەڕێوەچوو و هەمووان دڵخۆش دەرکەوتن. دەرکەوتنی رافینیا لە دیمەنی گشتیی ئامادەسازییەکانی بەر لە یارییەکەدا، ورەیەکی زیاتری بەهەموو کەتەلۆنییەک بەخشیووە.
بارسا لە یارییەکەدا لە تواناکانی لامین یامال بێبەش دەبێت، بەڵام گەڕانەوەی رافینیا، ئومێدی گەورەی لای هاندەرانی یانەکە دروستکردووە.
بارسێلۆنا لە یارییەکەدا بەشوێن بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت، بردنەوەیەک لەسەر داروپەردووی رووخاوی کۆشکی مەدریدییەکان بێت، کە لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوخۆیی و دووبەرەکیی یاریزانان و بێباکییان لەوەی روودەدات، ریال مەدرید وەک تیپێکی شپرزە و پەرتەوازە دەباتە بەردەم رووبەڕووبوونەوەی بارسا.
لە بەرە سپییەکەی کلاسیکۆدا کە بەری ریال مەدرید دەکات، هەمان ئارامی زاڵە، بەڵام ئارامییەکەی مەدرید، جیاوازە لە ئارامییەکانی کەتەلۆنیا..
ئەو ئارامییەی لە مەشقەکانی تیپەکە بەر لە یارییەکەدا دەردەکەون، لە پاش زریانێک دێت کە زۆر پرەنسیپ و بەهای لە یانەکەدا خستە ژێر گومانەوە.. ئارامییەکەی مەدرید، لە بیرکردنەوەوە لە یارییەکەی کلاسیکۆوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە تێڕامان لە شەڕەکەی پێش کلاسیکۆوە هەڵقوڵاوە.
ئەوەی پێنجشەممەی پێشوو روویدا، ئەو خاڵی کۆتاییەبوو کە ئیدی بۆ هەمووانی دووپاتکردەوە، ئەمساڵ ریال مەدرید چەندە شێواو و ناکۆک و دژبەیەکە.
ئەگەرچی کیلیان گەڕاوەتەوە و لە مەشقەکاندا باش دەردەکەوێت و زەردەخە لەسەر رووخساریەتی، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی، ئەوەی لەسەر رووخساری خۆیەتی لە کۆتاییدا بیگوازێتەوە سەر رووخساری هاندەرانی یانەکەی.
کیلیان لەپاش دوو هەفتەی پڕ لە هێرشکردنە سەر و گلەیی و واژۆکۆکردنەوە بۆ دەرکردنی لە یانەکە لەلایەن هاندەرانەوە، گەڕاوەتەوە، پێناچێ لە نێو تیپێکی رۆح بریندار و ماڵێکی پەرتەوازەی پڕ لە ناکۆکیدا، بتوانێت برینی تیپەکە ساڕێژ بکات.
بۆ هاندەرانی ریال مەدرید، کلاسیکۆکانی ئەمساڵ، جگە لە یادەوەریی ناخۆش هیچیان بەرهەمنەهێنا. لە کلاسیکۆی یەکەمی خولدا، ئەگەرچی یانەکە براوە بوو، بەڵام سەرەتای دژایەتیکردن و تەقینەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان ڤینیسیۆس و ئەلۆنسۆ لە گرتە بەناوبانگەکەی دانیشاندنی ئەو یاریزانەدا دەرکەوتن.
ئەو رووداوە، ئاشکرایکرد، ماڵەکەی مەدرید لە بناخەدا چەندە لەرزۆکە و ناوەڕۆکەکەی چەندە بۆشە.
رووداوەکانی کلاسیکۆی یەکەم، کاریگەرییان لەسەر کلاسیکۆی دووەم دانا و لە سعودیە، تیپەکە بەدۆڕاوی گەڕایەوە و یەکە پەرچەکرداریش دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ بوو.
ئێستا لەبەردەم دوایین کلاسیکۆی ئەمساڵ و لە بەرەبەری کۆتاییەکانی وەرزدا، تەنیا شتێک کە مەدریدییەکان بیری لێدەکەنەوە، ئەو کارەساتەیە کە ئەگەر هەیە بەسەر تیپەکەدا بێت، پاشئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکە لێدەدات و رایدەگەیەنێت کێ براوەی یارییەکە بووە.