میدیای بەرازیل: نەیمار لە لیستی یەکەمی هەڵبژاردەی بەرازیلە بۆ مۆندیال


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، خۆی بۆ ناردنی لیستی یەکەمی هەڵبژاردەکە بۆ فیفا لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیال ئامادە دەکات، کە ناوی 55 یاریزان لە خۆ دەگرێت.
 
لیستەکە کە بەلیستی سەرەتایی هەڵبژاردەکە ناودەبرێت، رۆژی 11ی ئەم مانگە، واتە سبەی رادەستی فیفا دەکرێت.
 
میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، لیستە سەرەتاییەکە ناوی هەردوو یاریزانی جێگەی گومان لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە، ئیستیڤاو و نەیمار لە خۆدەگرێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، دانانی ناوی ئەو دوو یاریزانە لە لیستە 55 کەسییەکەدا، مانای لەسەداسەد بانگهێشتکردنیان بۆ مۆندیال نادات.
 
بەپێی یاساکانی فیفا، هەر هەڵبژاردەیەک سەرەتا لیستی ناوی 55 یاریزان دەداتە فیفا بۆ بەشداریکردنیان لە مۆندیال، دواتر لیستەکە بۆ 26 یاریزان کەمدەکرێتەوە، ئەمەش لەپێناو هەڵسەنگاندنی کۆتایی راهێنەران بۆ ئاستی یاریزانەکانیان و ئەگەری دووچاری بوونی پێکان.
 
بەپێی مەرجەکانی فیفا، هەر یاریزانێک ناوی لە لیستی کۆتایی 26 یاریزانییەکەدا بێت، دەبێ پێشتر ناوی لە لیستی 55 یاریزانەکەدا بووبێت. فیفا رێگا نادات بۆ لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکە، ناوی یاریزانێک لە دەرەوەی لیستە 55 یاریزانییەکە بهێنرێتە نێو لیستە 26 یاریزانییەکەوە.
 
میدیای بەرازیل دەڵێن، دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە، ناوی ئیستیڤاوی لەنێو لیستەکەدا داناوە، ئەگەرچی ئەو یاریزانە ئێستا لە قۆناخی چارەسەروەرگرتن لە پێکانە و دەستەکە گەشبینن بەوەی کە یاریزانەکە دەکرێ لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالدا، توانای یارییکردنی هەبێت.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری بەرازیل، ناوی نەیماری لە لیستە 55 کەسییەکەدا تۆمارکردووە. میدیای بەرازیل وایان گوتووە.
 
بەڵام وەک هەمان ئەو میدیایانە دەڵێن، هێشتا گومان هەیە ناوی نەیمار لە لیستی کورتکراوەی هەڵبژاردەکە بێت کە لە 26 یاریزان پێکدێت و ئەوان بەفەرمی بەشداریی لە مۆندیالدا دەکەن.
 
بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە، ئەنچێلۆتی ناوی 26 یاریزانە سەرەکییەکەی بەرازیل بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو، ئاشکرا بکات.
 
پێشتر، ئەنچێلۆتی ئاماژەی بەوەدابوو کە ئەگەر نەیمار توانای جەستەیی تەواوی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، بەشداریی لە مۆندیالدا دەکات، بەڵام میدیاکان گومانیان هەیە لەوەی نەیمار لە لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەدا بێت.
 
سەرچاوەکانی بەرازیل دەڵێن، لە لیستە 55 یاریزانییەکەدا، هەریەکە لە رۆدریگۆ و میلیتاوی یاریزانانی ریال مەدرید دوورخراونەتەوە، پاشئەوەی هەردووکیان دووچاری پێکانی درێژخایەن بوون، هەربۆیەش هەڵبژاردەکە بڕیاریداوە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئەو یاریزانانە بکات کە بڕیارە لە لیستە 55 یاریزانییەکەدا بن.
 
بەرازیل بەئومێدێکی زۆرەوە روو لە مۆندیالی داهاتوو دەکات. بەرازیلییەکان چاوەڕێن دوای نزیکەی 25 ساڵ، چاوەڕوانییان لەبەردەم نازناوی پاڵەوانێتییە جیهانییەکەدا کۆتایی بێت.