دهۆک بەرامبەر خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەند بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لە یاریگای خۆی بەرامبەر خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دەکات و بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لەنێو یاریگا و هاندەرانی میوانداریی یانەی قاسم دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببێتەوە.
 
دهۆک دوای بردنەوەی یاریی رابردووی لە یانەی نەفتی میسان، لە دۆخێکی ناجێگیری داراییدا تێپەڕی و یاریزانەکانی بایکۆتی مەشقەکانیان کرد، تاوەکو کێشە داراییەکەیان چارەسەر کرا.
 
شەوی رابردوو یاریزانانی یانەکە مەشق و راهێنانەکانیان ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
پێش ئەم یارییە سەعد عەبدولحەمید، یاریدەدەری راهێنەری یانەی دهۆک گوتی "یاریی بەرامبەر قاسم زۆر گرنگە بۆ ئێمە و ئامانجمان بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکەیە، تیپەکە گەڕاوەتە ئاستی ئاسایی خۆی دوای ئەوەی 7 خاڵی لە سێ یارییدا بەدەستهێنا".
 
یاریدەدەری راهێنەری دهۆک دەڵێت "رۆحیەت و رێکخراویی هونەری لە تیپەکەدا لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە، رێز لە قاسم دەگرین، تیپێکی لاویان هەیە و لە چەند یاریی رابردوودا ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکردووە. هیوادارین ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین و یارییەکە ببەینەوە".
 
یانەی قاسم لەم وەرزەدا لە 33 یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، 4 جار یەکسانبووە، تەنیا چوار خاڵی هەیە و بۆ خولی پلە یەکی عێراق دابەزیووە.
 
یانەی دهۆک ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و 45 خاڵی کۆکردووەتەوە.