ئەمڕۆ ئامەدسپۆر ئاهەنگی گەورە دەگێڕێت و داوایەک لە هاندەرانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، بەبۆنەی گەیشتنی بە سوپەرلیگ، ئاهەنگێکی گەورە رێکدەخات و داوایەک ئاراستەی هاندەرانی دەکات.
ئەمڕح ئێوارە کاژێر 16:00 یانەی ئامەدسپۆر بەبۆنەی گەیشتنی بە سوپەرلیگ بۆ وەرزی داهاتوو، لە پارکی ئازادی بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەری یانەکە و چەندین هونەرمەند ئاهەنگێکی گەورە رێکدەخات و ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت.
یانەی ئامەدسپۆر پێش ئەنجامدانی ئەو ئاهەنگە راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و چەند داواکارییەک لە هاندەرانی دەکات
دەقی راگەیێنراوی یانەی ئامەدسپۆر
هاندەرە بەڕێزەکانمان
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتی کە لە پارکی نەورۆز ئەنجامی دەدەین، داوا لە سەرجەم هاندەرانمان دەکەین بە وردی و هەستیارییەوە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
• تکایە بە هیچ شێوەیەک لە ستەیج و ئەو شوێنانەی کەرەستە تەکنیکییەکانی لێیە، نزیک مەکەونەوە.
• تکایە بۆ ناوچەی ئاهەنگەکە؛ کەرەستەی تەقەمەنی وەک یاریی ئاگرین، مۆم، تەرەقە و هەروەها کەرەستەکانی سووتێنەر، کەرەستەی تیژ یان هەر شتێک کە مەترسی دروست بکات، نەهێنن.
• لەم چالاکییەدا کە خێزان و منداڵانیش تێیدا بەشدارن، با ئاگاداری ئەو کەسانە بین کە جنێو دەدەن، ئاژاوە دەگێڕن یان هەڵسوکەوتی ورووژێنەر ئەنجام دەدەن.
• پێویستە لە دروستکردنی کاروانی ئۆتۆمبێل، تەقاندنی یاری ئاگرین یان هەر رێکخستنێکی بێ مۆڵەت کە زیان بە هاتووچۆ و سیستەمی ژینگەیی دەگەیەنێت، دووربکەونەوە.
• تکایە هیچ بایەخێک بەو راگەیاندن و بانگەوازانە مەدەن کە لە دەرەوەی بەرنامەی فەرمی و بەناوی یانەکەمانەوە بڵاودەکرێنەوە.
ئەرکی هاوبەشی هەموومانە کە ئەم خۆشییە گەورەیە پێکەوە، بە شێوەیەکی سەلامەت و بە جۆش و خرۆشەوە بەڕێ بکەین.
با لەبیری نەکەین؛ رۆحی ئامەدسپۆر تەنیا بە سەرکەوتنی ناو یاریگا گەورە نابێت، بەڵکو بەو رێز و هاوپشتی و هەستکردنە بە بەرپرسیارێتییەی کە لەناو هاندەران، لە مەیدانەکان و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا نیشانی دەدەین، گەشە دەکات. با پێکەوە بە شێوەیەک کە شایستەی یانەکەمان بێت، ئاهەنگی ئەم پاڵەوانێتییە بگێڕین.