ئەلۆنسۆ مەشقدانی ریال مەدریدی بە هەڵە گەورەکەی ژیانی ناوبردووە
رووداو دیجیتاڵ
لەسایەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەڕی نێوان فیدریکۆ ڤاڵڤێردی و ئۆریلیێن چوامینی، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشوو یانەکە، دڵخۆشیی خۆی بەوە دەربڕیوە کە تاوەکو ئێستا لە مەشقدانی تیپەکە بەردەوام نەبووە. ئەزموونی خۆی لە یانەکە بە "گەورەترین هەڵەی ژیان" ناوبردووە.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەلۆنسۆ کاتێک هەواڵی بەشەڕهاتنی ڤاڵڤێردی و چوامینی بیستووە، بەخۆشحاڵییەوە رایگەیاندووە کە باشە لەو کاتەدا لەوێ نەبووە و نەگەیشتووەتە ئەوەی، شەڕی دەستەویەخەی یاریزانەکانی ببینێت.
ئەلۆنسۆ لە مانگی یەکی ئەمساڵ و پاش چەند مانگێکی کەم لە مەشقدانی ریال مەدرید دوورخرایەوە، پاشئەوەی روون بووەوە ژمارەیەک یاریزانی تیپەکە، پشتگیریی ئەو راهێنەرە ناکەن.
لە مەشقەکانی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی ریال مەدرید، چوامینی و ڤاڵڤێردی دوای مەشقەکان بووە دەمەقاڵەیان و فیدریکۆ بەپەلە گواسترایەوە نەخۆشخانە، پاشئەوەی گورز بەر سەری کەوت.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەلۆنسۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەڕەکە، بەنزیکەکانی خۆی گوتووە، باشبوو تاوەکو ئێستا لە یانەکە نەمامەوە و ناچارنەبووم مامەڵە لەگەڵ ئەو تەقینەوە گەورەیەی ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا بکەم.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەلۆنسۆ کە هەوڵیداوە رێوشوێن و رێککاری لە ژووری یاریزانانی ریال مەدریدا بسەپێنێت، هەرزوو لەوە تێگەیشتووە کە ئاڵنگارییەکی گەورە چاوەڕێی دەکات، چونکە رووبەڕووی ناڕەزایەتی یاریزانان بووەتەوە و بۆی دەرکەوتووە تیپەکە دابەشبوون و ناکۆکیی قووڵی تێدایە و سەرکردەی نەماوە، پاشئەوەی نەوەی زێڕینی تیپەکە رۆیشتن.
ریال مەدرید وەرزێکی پڕاوپڕ لە کێشە و گرفت و ئەنجامی خراپی بەڕێدەکات، تیپەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دەستبەتاڵ دەرچوو، ئەوە دووەم وەرزی لەسەریەکە هیچ نازناوێک ناباتەوە.