نهێنییەکانی دوورخستنەوەی کیلیان ئێمباپێ لە یاریی کلاسیکۆ


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید چەند کاژێرێکی کەم بەر لە بەڕێوەچوونی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا، دوورخستنەوەی کیلیان ئێمباپێی لە یارییەکە راگەیاند و ئەوە وەک شۆکێک بوو بۆ هاندەرانی یانەکە.
 
میدیای نزیک لە ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە، تاوەکو دوا ساتیش ئومێد هەبووە بەوەی کیلیان بەشداریی یارییەکە بکات، بەڵام بەر لە بەڕێکەوتنی شاندی یانەکە بۆ بارسێلۆنا، چارەنووسی یاریزانەکە یەکلایی کراوەتەوە.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، لە دوێنێوە ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە ئێمباپێ بەشداریی کلاسیکۆ ناکات.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، تاوەکو کۆتاییەکانی دوایین مەشقی دوێنێی یانەکە، هەمووان بەگەشبینییەوە چاوەڕێی دەرکەوتنی کیلیانیان کردووە لە یارییەکەدا، بەڵام لەناکاو هەموو شت گۆڕاوە.
 
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە دوایین پێنج خولەکی مەشقەکاندا، ئێمباپێ لە گەرمەی راکردندا، لەناکاو راوەستاوە و دەستی گرتووە بە رانییەوە، پاشان گوتوویەتی ئازارەکەی رانی گەڕاوەتەوە.
 
کیلیان دوای ئەوە دەستبەجێ لە مەشقەکان چووەتە دەرەوە و چاوەڕێ بووە تاوەکو کۆتایی هاتنی مەشقەکان.
 
تیمی پزیشکیی ریال مەدرید، دوای تەواوبوونی مەشقەکان، پشکنینیان بۆ کیلیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە ئەو یاریزانە لە شوێنی پێکانە کۆنەکەیدا هەستی بەئازار کردووە.
 
پێشتر کیلیان ئێمباپێ تووشی پێکان بووبوو لە ماسوولکەکانی پشتەوەی رانی راستیدا.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆش، لە ریال مەدرید هەمووان ئومێدیان بەوە هەبووە کە کیلیان لە یارییەکەدا بەشداریی بکات. تەنانەت ئەلڤارۆ ئەربیلوا پێکهاتەی سەرەتایی تیپەکەی بۆ یارییەکە، لەسەر بنەمای ئامادەبوونی ئەو یاریزانە داڕشتووە، بەڵام لە دوا ساتدا هەموو شت هەڵوەشاوەتەوە.
 
ئەمشەو لە یاریگای کامپ نو، بارسێلۆنا میوانداریی ریال مەدرید دەکات و یانە کەتەلۆنییەکە پێویستی بەتەنیا یەک خاڵ هەیە، بۆ بەفەرمیی بوون بەپاڵەوانی ئەمساڵی لالیگا.