تیروپشکی خولی لاوانی کوردستان بۆ وەرزی 2024-2025 راکێشرا



رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە ، 10-06-2025 بە بەشداریی 28 یانە، لە بارەگای سەرەکیی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە هەولێر، تیروپشکی خولی ژێر 20 ساڵانی لاوانـی کوردستان بۆ وەرزی نوێی 2024-2025 بەڕێوەچوو.


یانەکان بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشکران و یارییەکانی قۆناخی یەکەم بە شێوازی چوون و هاتن دەبن، پاڵەوانێتییەکەش مانگی تەممووز دەستپێدەکات.

بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی یەکێتییەکە، 28 یانەی خولەکانی نایاب و پلە یەکی کوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.

یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان میکانیزم و شێوازی بەڕێوەچوونی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەی ئاشکرا کردووە، کە بەم شێوەیە دەبێت:

یانە بەشداربووەکان بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشکران.

یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان بە شێوازی چوون و هاتن بەڕێوەدەچن.

لە هەر کۆمەڵەیەک، دوو یانەی سەرەکی (یەکەم و دووەم) سەردەکەون بۆ قۆناخی داهاتوو.

بەپێی بڕیاری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ یانە سەرکەوتووەکان شێوازەکەی دیاری دەکرێت.

یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان وادەی دەستپێکردنی یارییەکانیشی دیاریکردووە، کە بڕیارە رۆژی 3ـی تەممووزی 2025 یەکەمین یاریی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەبچێت