ڤیدیۆ؛ ئەو یارییەی دووجار بۆ ئەنچێلۆتی تایبەتە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل یەکەم یاریی لەنێو یاریگەی خۆیدا لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئەنجامدەدات و دەیەوێت هاندەرانی بەبردنەوە ئاشتبکاتەوە و بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکان بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
لە درێژەی یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال، هەڵبژاردەی بەرازیل بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی کۆرێنچیانز لە ساوپاوڵۆ میوانداریی هەڵبژاردەی پاراگوای دەکات، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەبێت وەکو راهێنەری سامبا لەنێو خاکی بەرازیل و چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەر بۆ پاڵپشتیکردن لە تیپەکە و راهێنەرە نوێیەکان لە یاریگە ئامادەن.
 
بەرازیل لە یاریی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئیکوادۆر یەکسانبوو، ئەمجارە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە گەیشتن بە مۆندیال نزیک ببێتەوە، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە بەتایبەت کە پاراگوای لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامەکانی باشن.
 
سامبا ئێستا لە پلەی چوارەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە و 22 خاڵی هەیە، پاراگوای بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پێش بەرازیلە و پلەی سێیەمی گرتووە، یارییەکە بەهێز و پڕ رکابەری دەبێت.
 
سیلیساو لە مێژوودا 84 یاریی بەرامبەر پاراگوای کردووە، 51 یاریی بردووەتەوە، لە 14 یارییدا دۆڕاوە و 19 یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، دوایین یاریی نێوان هەردوولاش لە بەرژەوەندی پاراگوای کۆتاییهاتووە.
 
یارییەکەی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە دووجار بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی تایبەتە، یەکەمیان یارییەکە هاوکاتە لەگەڵ یادی لە دایکبوونی و تەمەنی دەبێتە 67 ساڵ، دووەمیان یەکەم یاریی راهێنەرەکە دەبێت لەنێو خاک و هاندەرانی هەڵبژاردەی بەرازیل.