ڤیدیۆ؛ ئەرجەنتین و مێسی بۆ بردنەوەیەکی دیکە ئامادەن
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە گەڕێکی دیکەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال لە ئەمریکای باشوور بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر کۆڵۆمبیا یاری دەکات و لیۆنێل مێسی بەشێوەی سەرەکی بەشداری دەکات.
کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە گەڕی شازدەی رکابەرییەکاندا و لە یاریگەی مۆنومێنتالی تایبەت بە یانەی ریڤەرپلەیت هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو و پێشەنگی هەڵبژاردەکان لەنێو هاندەرانیدا میوانداریی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەکات و دەیەوێت دوازدەیەم بردنەوە لە رکابەرییەکەدا تۆمار بکات.
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری ئەرجەنتین بەر لە یارییەکە رایگەیاندووە، لە یارییەکەدا لیۆنێل مێسی بەشێوەی سەرەکی بەشداری دەکات، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا وەکو یەدەگ یارییکرد.
ئەرجەنتین لە 15 گەڕی رابردوودا 11 بردنەوەی تۆمارکردووە و لە 3 یارییدا دۆڕاوە و لە یارییەکەدا یەکسانبووە، لە یاریی رابردوودا لە چیلی بردەوە.
تانگۆ سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەرکردووە، 10 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندەوە دوورە، کۆڵۆمبیا ئەنجامەکانی لە پاڵاوتنەکانی ئەمجارەدا خراپن، تیپەکە لە 15 گەڕدا 4 یاریی دۆڕاندووە و لە 6 یارییدا یەکسانبووە، تەنیا 5 بردنەوەی هەیە و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە.