پشكنینی ماددەی وزەبەخش بۆ مێسی ئەنجامدرا
رووداو – هەولێر
دوای یارییەكەی شەوی رابردووی نێوان ئارجێنتینا و هۆڵەندا، راستەوخۆ و بە شێوەیەكی لەناكاو، پشكنینی ماددەی وزەبەخش بۆ لیۆنێل مێسی كاپتنی ئارجێنتنیا كرا.
شەوی رابردوو دوای سەركەوتنی ئارجێنتینا بەسەر هۆڵەندا لە یاریی پێشكۆتایی مۆندیالی بەڕازیلدا و گەیشتنی بە یاریی كۆتایی، لیۆنێل مێسی نەیتوانی لەگەڵ یاریزانانی هاوڕێی ئاهەنگ بگێڕێت و ناچاربوو بەزوویی یاریگە جێبهێڵێت، بۆ ئەوەی بچێتە ژێرباری ئەنجامدانی پشكنینی ماددەی وزەبەخش.
مێسی وێنەیەكی خۆی لە بەردەم ژووری جلگۆڕینی تیپەكەی بڵاوكردەوە و نووسیویەتی: ناچاربووم رووبكەمەوە ئەنجامدانی پشكنینی ماددەی وزەبەخش و لەو چركەساتە خۆشانە بێبەشبووم كە لەگەڵ یاریزانانی هاوڕێم ئاهەنگی سەركەوتن بگێڕم".
ئارجێنتینا یاریی كۆتایی بەرامبەر ئەڵمانیا ئەنجامدەدات و مێسی دەیەوێت نازناوی مۆندیال بۆ وڵاتەكەی بباتەوە، هەروەكو چۆن مارادۆنا لە ساڵی 1986 مۆندیالی بردەوە و لە یاریی كۆتاییدا توانیان لە ئەڵمانیا ببەنەوە.
لە یارییەكانی مۆندیالدا بە شێوەیەكی هەڕەمەكی لە هەر یارییەكدا پشكنینی ماددەی وزەبەخش بۆ چەند یاریزانێك دەكرێت.
ئارجێنتینا باكگڕاوندی لەم بابەتە هەیە و ساڵی 1994 لە مۆندیالی ئەمەریكا دیێگۆ مارادۆنای كاپتنی ئارجێنتینا، بەكارهێنانی ماددەی وزەبەخشی قەدەغەكراوی لەسەر ئاشكراكرا و لە مۆندیال دوورخرایەوە و سزادرا.