مەکسیک هەنگاوی یەکەمی لە کۆنکاکاف بەسەرکەوتوویی هاوێشت

رووداو -هه‌ولێر

هەڵبژاردەی مەکسیکی هەنگاوی یەکەمی بۆ بەرگریکردن لە نازناوی کۆنکاکاف بەسەرکەوتوویی هاوێشت، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر هەڵبژاردەی سالڤادۆر بەدەستهێنا، هەڵبژاردەی جامایکاش بەبردنەوەی لە کوراسا و بە سەرکەوتن رکابەرییەکانی دەستپێکرد.

تەنیا 8 خولەک تێپەڕی کاتێک هیدگاردۆ مارین گۆڵی یەکەمی مەکسیکی تۆمارکرد لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر سالڤادۆر لە جامی زێڕیندا.

لە خولەکی 10 نێلسۆن بۆنێلا، ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام ئەو گۆڵە هەڵگری نازناوی پاڵەوانێتییەکەی ساردنەکردەوە و لە خولەکی 29 ئێلیاس هێرناندێز بەلێدانێکی بەهێز مەکسیکی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم و گێمی یەکەم بەو شێوەیە کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 55 ئوربێلین پینێدا گۆڵی سێیەمی مەکسیکی تۆمارکرد و هەڵبژاردەکە لە یەکەم یارییدا سێ خاڵی بردەوە و یەکەم هەنگاوی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکە بڕی.

لە یاریی دووەمدا هەڵبژاردەی جامایکا کاروانی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەسەرکەوتن دەستپێکرد و لە هەڵبژاردەی کوراساوی بردەوە.

هەرچەند کوراساو چەندین جار خۆی لە گۆڵی جامایکا نزیککردەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوو و گێمی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.

پێچەوانەی گێمی یەکەم لەگێمی دووەمدا جامایکا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و لە خولەکی 58 رۆماریۆ ویلیامز بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.

لە خولەکی 73 لێدانێکی بەهێزی دارین ماتوکس گۆڵی دووەمی زەردپۆشەکانی جامایکای بەدواداهات، دوای ئەو گۆڵە کوراساو زۆر هەوڵیدا گۆڵێک تۆماربکات، بەڵام هەوڵەکانی هیچی لێ بەرهەم نەهات و یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی جامایکا کۆتاییهات.