چابی ئەلۆنسۆ دوای کرانە دەرەوەیان لە مۆندیالدا چی گوت؟
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "پاریس سانجێرمان تیپێکی کامڵە و ئەنجامی پڕۆژەیە، بەڵام ئێمە لە قۆناخێکی نوێداین."
ئەلۆنسۆ دوای دۆڕانیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکاندا بە 4-0 بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەم قۆناخە نوێیە تازە دەستی پێکردووە، هێشتا بواری زۆر ماوە بۆ باشتربوون، زۆر شت هەیە کە دەمانەوێت باشتر ئەنجامی بدەین و ئەمڕۆ ئازاربەخشە."
راهێنەری ریال مەدرید گوتی "پێویستە رەخنە لە خۆمان بگرین. ئاستی نمایشمان بەپێی پێویست باش نەبووە. بەڵام ئەمە لە داهاتوودا یارمەتیمان دەدات کە چۆن گەشە بکەین و هەنگاو بنێین بۆ پێشەوە، تاوەکو بتوانین لە ئاستێکی زۆر باشتردا رکابەری بکەین بە بەراورد بەوەی لە یارییەکەدا کردمان.ئاشکرایە ئەو دوو گۆڵەی سەرەتادا لێمانکران یارییەکەیان زۆر گۆڕی. ئێمە چووینە ناو یارییەکەوە و دەمانزانی کە بەرامبەر ئەو رکابەرەی رووبەڕووی دەبینەوە، پێویستە لەنێو کێبڕکێی یارییەکەدا بمێنینەوە. بەڵام دوای دە خولەک، ناچار بووین بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ یارییەکەدا بکەین."
ئەلۆنسۆ باس لە جیاوازیی تیپەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان دەکات و دەڵێت "وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، زیاتر لەو جیاوازییەی کە لەنێوان پاریس و ریاڵدا هەیە، ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە ئەو بوارە فراوانەیە کە بۆ باشتربوون لەبەردەمماندایە. یارییەکە کۆتایی ئەم وەرزەیە، نەک دەستپێکی وەرزی داهاتوو."
چابی لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "ئەمە کارێکی یەکلاکەرەوەیە، ئێمە ویستمان کار لەسەر یارییەکە بکەین، بەڵام دوای خولەکی دەیەم، شێوازی یاریکردنمان گۆڕا. لە جیاوازییەکە گرنگتر ئەو جیاوازییەیە کە پێویستە باشتر بکەین. پاریس سانجێرمان تیپێکی کامڵە و بەرهەمی پڕۆژەیەکی دوو ساڵە، بەڵام ئێمە هێشتا لە سەرەتاداین و بوار هەیە بۆ ئەوەی خۆمان باشتربکەین."
ئەلۆنسۆ زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "لەم یارییەدا شتی گرنگ بۆ داهاتوو فێر بووین. لەم مۆندیالەی یانەکاندا شتی ئەرێنی فێر بووین. جگە لە یارییەکەی ئەمڕۆ، ئێمە وەک تیپێک پێشکەوتووین، سەرەڕای ئەوەی کە لەم کاتەدا شیکردنەوەی هۆکارەکەی قورسە. بەڵام من دڵنیام ئەمە وەک خاڵێکی هەڵدان یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەو وەرزەی کە خەریکە دەست پێدەکات."
لەبارەی ماڵئاواییکردنی لوکا مۆدریچ لە ریال مەدرید، چابی ئەلۆنسۆ گوتی "ئەمە ئەو کۆتاییە نەبوو کە ئێمە هیوامان بۆی دەخواست، لۆکا بۆ یارییەکە یادی ناکرێتەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو ئاستە زۆرە نایابەی کە پێشکەشی کرد. ئەو ئەفسانەیە و زۆر زیاتر لە تەنیا ئەو 25 خولەکەی ئەمڕۆ یاریی کردووە یادی دەکرێت."