ئێنریکێ قسەی یەکلاکەرەوەی کرد.. دێمبێلی باشترین یاریزانی جیهانە
رووداو دیجیتاڵ
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان ستایشی تیپەکەی دەکات و دەڵێت هەنگاوێکمان ماوە بۆ نووسینەوەی مێژوو.
لویس ئێنریکێ، دوای بردنەوە گەورەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر و گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان گوتی "ئەمە ئامانجێک بوو کە هەر لە سەرەتاوە هەمانبوو. هەمیشە بەدەستهێنانی دەستکەوتی لەم جۆرە قورسە، چونکە تەنها ژمارەیەکی کەمی تیپەکان دەتوانن ئەو کارە بکەن. بەڵام ئێمە ئێستا تەنیا یەک یاریمان ماوە بۆ ئەوەی نەک تەنیا مێژوو دروست بکەین، بەڵکو مێژوویەکیش لە پاریس تۆمار بکەین وەک تیپێکی فەرەنسی کە بتوانێت هەموو ئەو نازناوانە بەدەست بهێنێت کە تێیدا بەشداریمان کردووە، بەتایبەتی چامپیۆنز لیگ و ئێستاش جامی جیهانیی یانەکان."
ئێنریکێ، زیاتر دەڵێت "ئەمە واتایەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە. واتایەکی زۆری بۆ هاندەرانمان و بۆ یانەکە هەیە. جێگەی خۆشحاڵییە بۆ من وەک راهێنەر کە لێرە لە پاریس کار دەکەم. هەر لە سەرەتاوە هەستم بە پشتیوانی کردووە، نەک تەنیا لە قسەکردندا دەربارەی دروستکردنی تیپێک، بەڵکو پشتیوانیی راستەقینە لەلایەن بەڕێوەبەران و سەرۆکی یانەکەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین، کە لە هیچ کاتێکدا وام بیرنەدەکردەوە ئەنجامەکەی ئاوا باش بێت."
راهێنەری پاریس سانجێرمان ستایشی ئاستبەرزیی عوسمان دێمبێلی دەکات و دەڵێت "عوسمان بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی یانەکاندا بەشێوەی سەرەکی یارییکرد، ئەو وەکو هاوڕێکانییەتی، فۆڕمی خۆی وەرگرتەوە، پێموایە بە دوورییەکی زۆر لەگەڵ یاریزانەکانی دیکە ئەو باشترین یاریزانی ئێستای جیهانە، شایەنی ئەوەیە هەموو شتێک بباتەوە، هەموو شتێکی لە توانایدا بەخشی بۆ تیپەکە".
ئێنریکێ دڵخۆشیی خۆی پێشاندا و گوتی "من زۆر دڵخۆشم، چونکە رووبەڕووبونەوەی ریال مەدرید لەم دۆخەدا زەحمەتە، بەتایبەت کە پلەی گەرما زۆر بەرزە، هەردوو تیپ توانای خۆیان خستەگەڕ، ساتێکی زۆر نایاب بوو بۆ ئێمە و شایستەی بردنەوە بووین."
لەبارەی یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان بەرامبەر یانەی چێڵسی، لویس ئێنریکێ دەڵێت "چاوەڕێی یاریی کۆتایی دەکەین بەرامبەر چێڵسی، کە لە مۆندیالی یانەکاندا ئاستێکی بەرزی پێشانداوە، دەمانەوێت چاکببینەوە و مێژوو بۆ یانەکە تۆماربکەین، دوای پشوو بدەین."
رۆژی یەکشەممە کاژێر 22:00 یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان لەنێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و چێڵسی ئینگلیزی بەڕێوەدەچێت.