ئەمڕۆ بارسێلۆنا یاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یاریی جامی خوان گامبەر بەڕێوەدەچێت و یارییەکە دەبێتە دوایین یاریی ئامادەکاری بۆ یانەی بارسێلۆنا، بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێی لالیگا.
بارسێلۆنا 59 ساڵە، ساڵانە ئەم جامە رێکدەخات و هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی نوێی لالیگا، یانەکە میوانداریی یانەیەکی دەرەوەی ئیسپانیا دەکات، ئەمشەو بەرامبەر یانەی کۆموی ئیتاڵی یاری دەکات.
بارسێلۆنا لە یارییەکەی ئەمشەودا رووبەڕووی تیپی ئەستێرەیەکی پێشووی دەبێتەوە کە سێسک فابریگاسە و نایەوێت بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک نازناوەکە لەدەستبدات.
ساڵی رابردوو لەم جامەدا، یانەی مۆناکۆی فەرەنسی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر بارسێلۆنا بەدەستهێنا و نازناوەکەی بردەوە.
بارسا دەیەوێت بەبردنەوەی ئەم یارییە بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێی لالیگا کە رۆژی شەممەی داهاتوو لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی خولەکەدا بەرامبەر ریال مایۆرکا یاری دەکات.
سێسک فابریگاسی راهێنەری یانەی کۆمۆ لەبارەی گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا، گوتی "بارسێلۆنا ماڵی منە، مرۆڤ هەمیشە بە گەڕانوە ماڵەکەی دڵخۆشە". ئەو زیاتر گوتی "بارسێلۆنا ئێستا باشترین یانەی جیهانە".