ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا پڕبووە لە کێشە

رووداو دیجیتاڵ

 

ژووری جلگۆڕینی یانەی بارسێلۆنا گڕی گرتووە و کۆمەڵێک رووداوی گەرم و قەیران هەڕەشە لە وەرزی بارسێلۆنا دەکەن.
 
بارسێلۆنا خۆی بۆ دەستپێکردنی وەرزێکی نوێ ئامادە دەکات بۆ بەرگریکردن لە باڵادەستییە ناوخۆییەکەی لە ئیسپانیا لە وەرزی رابردوودا و گەڕان بەدوای بەدیهێنانی خەونی شەشەمین نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە کە لەوانەیە هەڕەشە لە یەکڕیزی و پتەوی یانەکە بکات، کە تایبەتمەندیی وەرزی رابردووی بوو. هەروەها قەیرانی ئابووری ئەگەری رێگریکردن لە ئامانجە وەرزشییەکانی زیاد دەکات.
 
یانەکە لە ماوەی رابردوودا چەندین رووداوی گەرمی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئاماژەن بۆ ئاڵۆزییەک کە هەڕەشە لە وەرزی بارسێلۆنا دەکات. لە خوارەوە باس لە دیارترین ئەو کێشانە دەکەین:
 
قەیرانی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە، تێرشتیگن
 
گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە، تێر شتیگن، دوای نەشتەرگەرییەکە رەتیکردەوە راپۆرتی پزیشکی واژۆ بکات و پێداگری کرد لەسەر ئەوەی ماوەی چاکبوونەوەی 3 مانگ تێناپەڕێنێت.
 
ئەمەش بارسێلۆنای ناچارکرد نیشانەی کاپتنی لە گۆڵپارێزەکە بسەنێتەوە، بەڵام دواتر پاشگەز بووەوە دوای ئەوەی تێرشتیگن رازی بوو بەیاننامە پزیشکییەکە واژۆبکات و دەرفەت بداتە کارگێڕی کە 80٪ـی مووچەکەی بۆ تۆمارکردنی گرێبەستە نوێیەکان بەکاربهێنێت.
 
سەرەڕای رێککەوتنێکی کاتی، قەیرانەکەی تێرشتیگن کێشەی ململانێی نێوان سەرکردەکانی یانەکەی گەرمتر کردووە.
 
کێشەکانی لامين یامال لە دەرەوەی یاریگا
 
لامین یامالی ئەستێرەی ئیسپانی بە ئەستێرەی یەکەمی ئێستای یانەکە و پاڵێوراو بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر دادەنرێت، بەڵام لە دەرەوەی یاریگە بە چەندین رەفتار مشتومڕێکی گەورەی ناوەتەوە، لەوانە ئاهەنگی لەدایکبوونی، پرسی بانگهێشتکردنی کورتەباڵاکان بۆ پێشکێشکردنی بڕگەی کات بەسەربردن، پەیوەندییە سۆزدارییەکانی و دواترینیان لەگەڵ گۆرانیبێژی ئەرجەنتینی نیکی نیکۆل.
 
کێشە و ململانێ لەنێوان یاریزاناندا
 
بارسێلۆنا هاوینێکی زۆر پڕ لە ئاڵۆزی بەسەربرد، کە بە ناکۆکی لەسەر گەشتە ئاسیاییەکەی بۆ ژاپۆن و کۆریای باشوور لەگەڵ کۆمپانیایەکی سپۆنسەر دەستیپێکرد، پێش ئەوەی یانەکە گەشت بکات و دوو یاریی دۆستانە ئەنجام بدات.
 
هەروەها راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کێشەیەک لەنێوان دوو ئەستێرە گەنجەکە، گاڤی و فێرمین لۆپێز روویداوە و بووەتە هۆی تێکچوونی هاوڕێیەتییەکەیان، بەهۆی ئەوەی دوو خۆشەویستەکەیان دەمەقاڵێیان لەگەڵ یەکدیدا کردووە. دەگوترێت ئەم ناکۆکییە بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی هاوڕێیەتیی ئەو دوو گەنجەی کە پێشتر هەرگیز لەیەکدی جیانەدەبوونەوە.
 
رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز
 
بەرگریکارە ئیسپانییە بەئەزموونەکە، ئینیگۆ مارتینێز، بە یەکێک لە سەرکردەکانی ژووری جلگۆڕین دادەنرا و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەستێرە گەورەکاندا هەبوو کە رێزیان لێدەگرت، بەڵام دەستەوارە گەورەکەی یانەی نەسڕی سعودی پاڵی پێوەنا بڕوات و یانەکەی بەبێ سەرکردەیەکی راستەقینە لەنێو و دەرەوەی یاریگا جێهێشت.
 
یانەی نەسڕ بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئینیگۆ مارتینێز تاوەکو هاوینی 2026 راگەیاند.
 
مارتینێز لە هاوینی 2023ـەوە بە درێسی بارساوە یاری کرد، دوای ئەوەی پێشتر یاری بۆ ئاتلێتیک بیلباو و ریال سۆسیداد کردبوو.
 
مارتینێز لە وەرزی رابردوودا لەسەر ئاستی هەموو پاڵەوانێتییەکان 46 یاریی ئەنجامدا، کە تێیدا 3 گۆڵی تۆمارکرد و 6 گۆڵی دروستکرد لە ماوەی 3976 خولەک یاریکردندا.