خولی پلە یەکی تورکیا بەبەشداریی دوو یانەی کوردستان دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیا دەستپێدەکەن، یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات و رووبەڕووی یانەی چۆروم دەبێتەوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر بەنێوبانگترین یانەی باکووری کوردستانە، بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک لە خولی پلە یەکی تورکیادا یاری دەکات و ئەمشەو لە گەڕی یەکەمی خولەکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی چۆروم یاری دەکات.
 
بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ، یانەکەی باکووری کوردستان گۆڕانکاریی گەورەی لە تیپەکەیدا ئەنجامدا و چەند یاریزانێکی نوێی گواستووەتەوە، دیارترینیان دیا سابای ئیسرائیلی و یاریزانی پێشووی یانەی ماکابی حەیفایە.
 
رۆژی شەممە یانەکە گرێبەستێکی دیکەی راگەیاند و رێککەوتنی لەگەڵ مبای دیانێ کرد، کە هێرشبەرێکی سەنیگالییە و پێشتر لە گاڵاتەسەرای، وێستبرۆمیچ، کلەب برووج و چەندین یانەی گەورە یارییکردووە و رۆژی سێشەممە گرێبەستەکەی واژۆ دەکات.
 
ئامەدسپۆر بۆ ئامادەکارییەکی باش، کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە بۆلۆ ئەنجامدا و چەند یارییەکی دۆستانەشی کرد، ئەمشەو کاروانی تیپەکە لە وەرزی نوێی خولی پلە یەکی تورکیادا دەستپێدەکات و دەیەوێت بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی خولەکەدا.
 
یانەی وان سپۆری باکووری کوردستان، بۆ یەکەمجار لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا یاری دەکات و لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات.
 
وەرزی رابردوو وان سپۆر لە قۆناخی پلەی ئۆفدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمڕۆ کاروانی یانە کوردستانییەکە دەستپێدەکات و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بۆلو سپۆر یاری دەکات.
 
وان سپۆر بۆ ئەم وەرزە چەند گۆڕانکارییەکی لە تیپەکەیدا کردووە، دیارترین یاریزان کە گرێبەستی لەگەڵ کراوە ئیڤان سێدریک، یاریزانی کامیرۆنی و پێشووی یانەی بارسێلۆنایە و یانە کوردستانییەکە دەیەوێت بەبردنەوەی یەکەم سێ خاڵ بچێتە نێو رکابەرییەکانی خولەکە.
 
بەر لە دەستپێکردنی خولەکە، وان سپۆر کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە ئێرسیێ ئەنجامدا و چەند یارییەکی دۆستانەشی کرد، ئەمڕۆ یانەکە مێژووییەکی نوێ لە تۆپی پێی تورکیادا دەنووسێتەوە.
 
یاریی نێوان هەردوو یانەی بۆلو سپۆر و وان سپۆر کاژێر 19:00 بەڕێوەدەچێت و کاژێر 21:30 ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر چۆروم یاری دەکات.