خەسرۆ هەرکی: لەگەڵ سەمیر بابۆ نزیکبووم لە رێککەوتن
رووداو دێجیتاڵ
خەسرۆ هەرکی، یاریزانی وەرزی رابردووی یانەی چوارقوڕنە، بە رووداو سپۆرتسی رایگەیاند "چەند هەفتەیەک پێش ئێستا نزیک بووم لەوەی پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە بکەم و لەگەڵ سامیر بابۆش گەیشتبوومە رێککەوتن، بەڵام ئەو راهێنەرە یانەی هەولێری بەجێهێشت".
خەسرۆ محەممەد، ناسراو بە خەسرۆ هەرکی، تەمەنی 33 ساڵە، لە رابردوودا لەژێر سەرپەرشتی راهێنەر سەمیر بابۆ، یارییکردووە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر، نازناوی خولی نایابی کوردستانیان بەدەستهێناوە.
هەرکی، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس راگەیاند "چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ سەمیر بابۆ گەیشتمە رێککەوتنی کۆتایی کە پەیوەندی بە یانەی هەولێر بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بکەم، تەنیا چاوەڕێی دەستبەکاربوونی دەستەی نوێمان دەکرد، بەڵام ئەوە بوو کاپتن سەمیر دەستی لەکارکێشایەوە" .
خەسرۆ هەرکی، سەبارەت بە داهاتووی خۆی بۆ رووداو سپۆرتس گوتی" من وەرزی رابردوو بۆ گرێبەستم لەگەڵ یانەی چوارقوڕنە واژۆ کرد، بەڵام بۆ وەرزی نوێ گرێبەست لەگەڵ یانەیەکی خولی نایابی عێراق واژۆ دەکەم و یانەی جۆڵان و ناسرییە لەسەر هێڵن و دەستەوارەیان پێشکەشکردووم بەڵام تاوەکو ئێستا خۆم یەکلانەکردووەتەوە" .
خەسرۆ وەرزی رابردوو رۆڵی هەبوو لە هێشتنەوەی یانەی چوارقوڕنە و لە دوا هەفتەکاندا مانەوەی خۆی لە خولی نایابی کوردستاندا مسۆگەرکرد.
ئەو یاریزانە پێشووتر یاری بۆ یانەکانی خولەکانی عێراقی کردووە، بۆ هەولێر و کەرخ و پێشمەرگەی سلێمانی یارییکردووە و دەیەوێت جارێکی دیکە لە یانەکەی عێراقی درێژە بە کاروانی وەرزشی خۆی بدات.