هەولێر میوانداریی خولی بالەی خانمانی عێراق دەکات
رووداو هەولێر
یەکێتیی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی بالەی نایابی خانمانی عێراق لە شاری هەولێر بەڕێوەببات.
یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولەکە لە شاری هەڵەبجە بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەچوون، شەش یانە سەرکەوتن بۆ قۆناخی کۆتایی کە بریتیین لە یانەکانی ئەکاد عەنکاوە، سەنحاریب، ئەمانە بەغدا، قەرەقۆش، ئەفرۆدێت لەگەڵ دەربەندیخان.
یارییەکانی قۆناخی کۆتایی رۆژی 25ـی ئەم مانگە لە هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە دەستپێدەکەن و چوار رۆژ دەخایەنێت، کێبرکێکە بەشێوازی خول دەبێت و هەر تیپێک زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە دەبێتە خاوەن نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەکە.
یانەی ئەکاد عەنکاوە پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولەکەیە، وەرزی ئەمساڵ خاوەن پێکهاتەیەکە کە راهێنەر و حەوت یاریزانی لە ریزی هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق یاری دەکەن، خانمانی عەنکاوە دەیانەوێت لەنێو هاندەرانیان هاتریکی بردنەوەی نازناوی خولی عێراق تۆماربکەن.
راندی مەتی، راهێنەری یانەی ئەکاد عەنکاوە، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "بەشێوەیەکی زۆر باش خۆمان ئامادەکردووە و تیپەکەمان بە یاریزانی ئاستبەرز تۆکمە کردووە، چاوممان لەوەیە بەشداری پاڵەوانێتیی بالەی کچانی یانەکانی عەرەب بکەین".
هەر یانەیەک نازناوی خولی نایابی بالەی عێراق بباتەوە مافی بەشداری پاڵەوانێتیی خانمانی عەرەبی پێدەدرێت، پێشتر یانەی ئەکاد عەنکاوە بەشداری پاڵەوانێتیی دەرەوەی لە وڵاتانی ئیمارات و کوێت کردووە.
یارییەکانی رۆژی یەکەمی خولەکە بەمشێوەیە:
قەرەقۆش - دەربەندیخان
سەنحاریب - ئەمانە بەغدا
ئەکاد عەنکاوە - ئەفرۆدێت