کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەی و چۆن دەگاتە 1000 گۆڵ؟

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودیە، هاندەرانی تۆپی پێی سەرسام کرد، دوای ئەوەی لە ژیانی تۆپی پێیدا 900 گۆڵی تێپەڕاند. ئێستاش ئالنگارییە گەورەکەی هاتووەتە پێش و دەیەوێت ژمارەی گۆڵەکانی بگەینێتە 1000 گۆڵ.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگدا، لە یارییەکەی بەرامبەر کرواتیادا سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی 900ـەمین، ئەمە جگە لەوەی لە قۆناخی دووەمدا لە یارییەکەی سکۆتلاندا گۆڵی 901ـی تۆمارکرد. 
 
بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێشتا برسیی دەستکەوتێکی گەورەترە، ئەویش گەیشتن بە 1000 گۆڵە لە کاروانی تۆپی پێیدا.
 
لە مانگی شوباتی رابردووەوە کە تەمەنی بووە بە 39 ساڵ، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە سەرکەوتوو بووە لە تۆمارکردنی 28 گۆڵ، ئەمەش نیشاندەری توانای رۆناڵدۆیە بۆ ئەوەی بەڕاستی بگاتە ژمارەی هەزار گۆڵ.
 
رۆناڵدۆ 99 گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە دەستکەوتە مێژووییەکەی، ئەمەش پێویستی بەوەیە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە تاوەکو مۆندیالی 2026 بەردەوام بێت لە یاریکردن.
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2023ـەوە سەرکەوتوو بووە لە تۆمارکردنی 62 گۆڵ بۆ یانەی نەسڕ لە 68 یارییدا، بەڵام گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ لە هاوینی 2025 لەگەڵ یانە سعودییەکە کۆتایی دێت، ئەگەرچی پێشبینی دەکرێت سعودییەکان گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە.
 
رۆژنامەی سەنی بەریتانی پێشبینی دەکات رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا لە 47 یارییدا لەگەڵ یانەی نەسڕ لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەشداری بکات و 45 گۆڵ تۆماربکات، ئەمەش بەپێی تێکڕایی ئەو گۆڵانەی یاریزانەکە لەگەڵ یانە سعودییەکە هەیەتی.
 
رۆناڵدۆ پێویستی بەوە دەبێت بۆ وەرزێکی دیکە بەردەوام بێت لە یاریکردن جگە لە بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ ئەوەی چانسی زیاتری هەبێت بۆ گەیشتن بە گۆڵی هەزارەمین. لە هەمانکاتدا دەبێت لە رووی توانای جەستەییەوە بەتەواوی ئامادەبێت و لە کەمی نەدات، رێژەی گۆڵەکانیشی پێویستە بپارێزێت.