ئەرجەنتین و بەرازیل دوایین یارییان دۆڕاند

 
رووداو دیجیتاڵ

پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکای باشوور کۆتاییانهات، ئەرجەنتین و بەرازیل لە دوایین یارییاندا دۆڕاند.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە دوایین گەڕی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، ئەرجەنتینی پێشەنگی ریزبەند و پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر بووەوە.
 
لە یارییەکەدا بەهۆی ئەوەی پشووی پێدرابوو، لیۆنێل مێسی بەشداریی نەکرد.
 
ئیکوادۆر بە پشتبەستن بە یاریگە و هاندەرانی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، لە خولەکی 31 نیکۆلاس ئۆتامێندی، بەرگریکاری ئەرجەنتین بەهۆی تووند یارییکردنەوە بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، لێدانێکی سزا بۆ خاوەن یاریگە هەژمارکرا، ئینێر ڤالێنسیا سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئیکوادۆر تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 50 مۆسیس کایسیدۆ، یاریزانی ئیکوادۆر بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و هەردوو هەڵبژاردە بە 10 یاریزانەوە درێژەیان دایە یارییەکە.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی ئیکوادۆر کۆتاییهات.
 
ئەرجەنتین لە پلەی یەکەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکان مایەوە و پێشتر سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەرکردبوو، ئیکوادۆر پارێزگاریی لە پلەی دووەمی ریزبەند کرد و ئەویش لە پلەی دووەمی ریزبەند مایەوە.
 
لە یارییەکی دیکەدا، هەڵبژاردەی بەرازیل تووشی یەکەم دۆڕانبوو، لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی و بە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا دۆڕا.
 
یارییەکە لە بۆلیڤیا بەڕێوەچوو، بەرازیل بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانی سەرەکی و یەدەگ یارییەکەی ئەنجامدا.
 
یارییەکە لە ئاستێکی مامناوەنددا بوو، تاوەکو دوایین ساتەکانی نیوەی یەکەم، کاتێک لێدانێکی سزا بۆ هەڵبژاردەی بۆلیڤیا هەژمارکرا، میگێل تێرکێرۆس سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بۆلیڤیا تۆمارکرد.
 
یارییەکە بەو گۆڵە لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا تەواو بوو، ئەمە یەکەم دۆڕانی کارلۆ ئەنچێلۆتییە دوای ئەوەی بووە راهێنەری بەرازیل، هەڵبژاردەکە بە پێنجەمی ریزبەند پاڵاوتنەکانی تەواو کرد.
 
بۆلیڤیا بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی 20 خاڵ و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە، بەبردنەوەی یارییەکە تیپەکە گەیشتە قۆناخی پلەی ئۆف و هەلێکی ماوە بۆ ئەوەی خۆی بگەیێنێتە مۆندیال.