زیدان خۆی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەکردووە


رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدانی ئەفسانەی فەرەنسی، دەستی بەکارکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام بەشێوەی فەرمی نا.
 
زیزۆ کە لە دوای ریال مەدریدەوە مەشقدانی چەندین یانەی جیاوازی رەتکردووەتەوە، ئامادەکارییەکانی خۆی بەئارامی دەستپێکردووە بۆ چوونە شوێنی دیدێ دیشامی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەرەنسا کە بڕیاریداوە دوای مۆندیالی داهاتوو، واز لە کارەکەی بهێنێت.
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بەفەرمی شوێنگرەوەی دیشام دیارنییە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە زیزۆ راهێنەری داهاتووی فەرەنسایە.
 
میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، زیدان ماوەیەکی بەرچاوە چاودێریکردنی یاریزانە فەرەنسییەکانی لەسەرجەم خولەکان دەستپێکردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە لە پشتی پەردەوە کارەکانی بۆ ئەرکە نوێیەکەی دەستپێکردووە.
 
ئەگەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسی و فلیپ دیالۆی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە سوورن لەسەر هێشتنەوەی کارەکان لە سنووری ئێستادا، تاوەکو کارەکان دەبنە فەرمی، بەڵام زیدان لای خۆیەوە دەستی بەئامادەسازییەکانی کردووە.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ئەفسانەکەی پێشووی وڵاتەکە، بەوردی چاودێری یارییەکانی خولی فەرەنسا دەکات، هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی یاریزانە فەرەنسییەکان دەکات، ئەمە جیا لە وردبوونەوە لە هەموو ئەو یاریزانە فەرەنسییانەی لەگەڵ یانە جیاوازەکانی ئەورووپا یارییدەکەن.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، سەرنجی زیزۆ زۆر لەسەر یاریزانە لاوەکانە، پێیوایە ئەوان بنەمای داهاتووی هەڵبژاردەکەن و دەتوانن لە دوای 2026ەوە پێشەوایەتیی فەرەنسا بکەن.