لە پێدەشتە نەرمەکانی گابۆنەوە بۆ یاریگا گەرمەکانی بۆندێسلیگا


لە کەناراوەکانی ئارامەکانی گابۆنەوە بۆ گوڕوتین و هەرا و زەنای یاریگەکانی بۆندسلیگا، لە پێدەشتەکانی ئەو وڵاتەوە تا نێوەندی یەکێک لە خولە بەهێزەکانی ئەوروپا، گەشتی پیێر ئۆبامیانگە بەرەو لوتکەی سەرکەوتن..

ئۆبامیانگ.. یاریزانێک لە سێبەرەوە بۆ بەرهەتاوی ناوبانگ و درەوشانەوە، ئەستێرەیەک لە کورسی یەدەگەوە بۆ فریادڕەس و ئەندامی سەرەکی ئەو زەردەواڵانەی نایانەوێ عەرشی بۆندسلیگا بدەنە دەست باڤارییەکان.

دوای دوو ساڵ مانەوە لە بۆندسلیگا، یاریزانەکەی پێشووی مۆناکۆ و سانت ئیتیانی فەرەنسی، نەک هەر بەوە رازی نییە یانەکەی رۆڵی تەماشاکەری سەرکەوتنەکانی بایرن ببینێت، بەڵکو بەوەش رازی نییە ژمارە نۆی ئەو یانەیە تاکە خاوەنی نازناوی خولەکە بێت.

پیێر ئەمساڵ لە هەموو شتێکدا روو لە درەوشانەوە و دەرکەوتنی زیاترە، لە یارییەکەوە بۆ یارییەکەی دیکە پێشەوایەتی دۆرتمۆند دەکات بۆ بەردەوامبوون لەسەر راوەدوونانی بایرن میونشن و خۆیشی نەک هەر بە ئاستی بەرز، بگرە بە گۆڵکەری یانەکەشیەتی و چ لە بۆندسلیگا و چ لە یۆرۆلیگ، سەرقاڵی گۆڵکردن و هاتریکە.

میدیاکانی ئەڵمانیا لە ئاست هەڵچوونە گەورەکەی ئۆبامیانگدا دوو دڵ نەبوون لەوەی نازناوی تەقینەوە بخەنە پاڵ یاریزانە گابۆنییەکە، لەگەڵیدا ماڵپەرە گەورەکانی تایبەت بە دیاریکردنی نرخی یاریزانان ئاشکرایانکرد لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا بەهای ئەو یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 10 ملیۆنی زیاد کردووە و گەیشتووەتە 45 ملیۆن و ئێستا دووەم گرانترین یاریزانی پێکهاتەکەی تۆخێلی راهێنەرە.

ژمارەکان لە بەرژەوەندی پیێرن و وێڕای یاریکردنی ئەو یاریزانە وەک لاباڵ، بەڵام رێژەی گۆڵکردنی لە هەر یارییەکدا 0.53 گۆڵە و ئەگەر وەرزی رابردوو لە هەر 6 هەلدا یەکێکیانی کردبێت بە گۆڵ، ئێستا ئەو یاریزانە تەنیا 3 هەلی بەسە بۆ هەژاندنی تۆڕی گۆڵی تیپەکانی بەرامبەر.

رۆژەکانی وەرزی ئەمساڵی بۆندسلیگا تێدەپەڕن و تا دێ ماسک لەسەرە سپایدەرمانەکەی دۆرتمۆند چیرۆکی نوێ بۆ سەرکەوتنەکانی خۆی و زەردپۆشەکانی بۆرووسیا دەنووسێتەوە..