بارسێلۆنا دیارییەکەی ریال مەدریدی قبوڵ کرد
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا، سوودی وەرگرت لە کەوتنی پێشەنگی لالیگا، دوای ئەوەی ریال مەدرید بەبێ گۆڵ لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆ یەکسانبوو، بارسا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەسەر سێلتاڤیگۆ بەئەنجامی 4-2، لە چوارچێوەی گەڕی 12ـی لالیگا.
بەو سەرکەوتنە بارسێلۆنا، ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 28 خاڵ، بەجیاوازی 3 خاڵ لەدوای ریال مەدرید پێشەنگ پلەی دووەمی گرتووە، لەکاتێکدا سێلتاڤیگۆ بە 13 خاڵ لە پلەی سێزدەیەم مایەوە.
دوای چەند هەفتەیەکی پڕ لە گومان و گرژی، کەتەلۆنییەکان بە نمایشێکی بێ وێنەی پڕ لە ریتم و ئازایەتی وەڵامیان دایەوە ، کاتێک بەو شێوازی تۆپی پێیە هێرشبەرییە یاریکرد کە بە ناسنامەی بارسا ناسراوە.
ئەستێرەی یارییەکە رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی بوو، کە هاتریکێکی ناوازەی تۆمارکرد و بیری هەمووانی هێنایەوە کە چەند لێهاتوویە لە تۆمارکردنی گۆڵدا. هێرشبەرە پۆڵەندییەکە سێ جار تۆڕی سێلتاڤیگۆی هەژاند لە ساتە گرنگەکاندا کاتێک تیپەکەی زۆرترین پێویستی پێیبوو. لەگەڵ ئەودا، لامین یامال گۆڵێکی بە قاچی راستی تۆمارکرد.
ئەمە تەنیا سێ خاڵ نەبوو، ئەمە یادخستنەوەیەک بوو کە بارسێلۆنا هێشتا لێرەیە، هێشتا رکابەری دەکات لەسەر هەموو نازناوەکان و هێشتا توانای درەوشانەوەی هەیە.
ئەم بردنەوەیە بارسای زیاتر نزیککردەوە لە پێشەنگی ریزبەندی و متمانەی گەڕاندەوە بۆ ناو پێکهاتەکە و لەنێو هاندەراندا.
دوای یارییەکە، هانزی فلیکی راهێنەر باسی گرنگی ئەو سەرکەوتنەی کرد و گوتی "زۆر دڵخۆشم کە کەسایەتی تیپەکەمان پێشاندا، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمدا، کە بەباشی بە تۆپ یارییمان کرد و بەسەختی جەنگاین، یارییەکی نایاب بوو".
ئەمەش زیاتر دیاربوو کاتێک یاریزانەکان یاریگایان لە ڤیگۆ جێهێشت، هەستێک هەبوو کە ئەمە زیاتر بوو لە 3 خاڵ، ئەمە وەڵامی بارسێلۆنا بوو بۆ هەموو گومانێک.