بەهۆی فەڵەستین هاندەرانی سێلتیک دژایەتیی ترەمپ دەکەن
رووداو - هەولێر
هاندەرانی یانەی سێلتیکی سکۆتلاندی پاڵپشتی خۆیان بۆ فەڵەستین بەبەرزکردنەوەی لافیتەیەک لە یارییان بەرامبەر یانەی هێبرنیان لە خولی سکۆتلاند پێشاندا.
لە یارییەکەدا هاندەرانی سێلتیک بە هەڵکردنی لافیتەیەک کە لەسەری نووسرابوو "قودس فەڵەستینییە نەفرەتت لێبێت ترەمپ" هاتنە نێو یاریگە، لەو یارییەدا کە هەردوو یانە لە گەری 17ی خولەکەدا بە دوو گۆڵ یەکسانبوون.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارییدا ئورشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند، ئەمەش لەهەموو جیهاندا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای ئەم کاردانەوەی هاندەرانی سێلتیکیش چاوەڕواندەکرێت یانەی سێلتیک رووبەڕووی سزادان ببێتەوە.