کڵۆپ مەرجەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری ریال مەدرید دیاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کڵۆپ، مەرجەکانی بۆ وەرگرتنیی پۆستی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دیاری دەکات و پێشنیازی پاکسازییەکی گشتگیر دەکات کە دەبێتە هۆی دەرکردنی دوو ئەستێرەی گەورە.
 
دوای شکستەکەی ئەم دواییەی ریال مەدرید بەرامبەر بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید بووەتە جێی مشتومڕێکی زۆر، کە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە لەگەڵ راهێنەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی، پەیامەکەیشی روون بووە: مانەوەی چابی پەیوەستە بە ئەنجامەکانی تیپەکەوە، بەتایبەتی لەرووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمڕۆی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا، کە لەوانەیە بەکردەیی چارەنووسی دیاری بکات.
 
لەم نێوەندەدا، ناوی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانی وەک بەهێزترین بەربژێر دەردەکەوێت بۆ وەرگرتنی سەرکردایەتی ریال مەدرید لە ئەگەری دوورخستنەوەی چابی. 
 
راهێنەرە ئەڵمانییە بەنێوبانگەکە، کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ دەستکەوتە لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند و لیڤەرپوول، داوای ئازادییەکی تەواو دەکات لە بەڕێوەبردنی تیپەکەدا، لەوانە گرێبەستە نوێکان، نوێکردنەوەی گرێبەستەکان و رۆیشتنی یاریزانان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دروستکردنی تیپێکی تەواو پابەند بەپێی فەلسەفەی خۆی.
 
بەپێی سەرچاوەکان، ڤینیسیۆس جونیۆر یەکێک دەبێت لەو یاریزانانەی کە بەڕێدەکرێت لە ئەگەری هاتنی کڵۆپ. ئەستێرە بەرازیلییەکە خاوەنی بەهرەیەکی ناوازەیە، بەڵام رەخنەی لێدەگیرێت بەهۆی لاوازی بەشداریکردنی لە بەرگری و گوشارنەکردنە سەر بەرامبەر بەپێی پێویست، جگە لە رەتکردنەوەی بەردەوامی دەستەوارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، کە ئەمەش وایکردووە داهاتووی لە مەدرید مسۆگەر نەبێت ئەگەر بارودۆخەکە نەگۆڕێت.
 
هەروەها دۆخی رۆدریگۆ گۆسیش جێگەی نیگەرانییە، دوای وەرزێکی لاواز و شکستھێنان لە تۆمارکردنی تەنیا یەک گۆڵیش لە مانگی ئادارەوە، کە ئەمەش وای لێدەکات پاڵێوراو بێت بۆ رۆیشتن ئەگەر کڵۆپ بڕیار بدات تیپەکە بەپێی پێوەرە تووندەکانی خۆی دابڕێژێتەوە.
 
ریال مەدرید لە بەردەم قۆناخێکی یەکلاکەرەوەدایە. ئاستی تاکەکەسی یاریزانە سەرەکییەکان، بەتایبەتی ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ، و ئەنجامەکانی تیپەکە بەرامبەر مانچێستەر سیتی، لەوانەیە داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ دیاری بکەن، لەکاتێکدا بژاردە جێگرەوەکانی راهێنەرایەتی، و لە سەرووی هەموویانەوە یۆرگن کڵۆپ، بەجددی لە ناوخۆی بێرنابیۆدا تاوتوێ دەکرێن.