کێ باشترە، ئێمباپێ یان هالاند؟ ئامارەکانیان وەڵام دەدەنەوە



رووداو دیجیتاڵ

لە وەرزی 2025 - 2026 کیلیان ئێمباپێ و ئێرلینگ هالاند دەستپێکێکی هاوشێوە و سەرنجڕاکێشیان هەبووە، بەپێی ئامارەکان ئەستێرە فەرەنسییەکە لەسەر ئاستی یانەکان لەپێشترە، بەڵام نەرویجییەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات و هەردووکیان گۆڕانکاری گەورەیان لە شێوازی یاریکردنیاندا کردووە.

بەپێی ژمارە و ئامارەکان، ئێمباپێ باڵادەستە و لە 21 یارییدا لەگەڵ ریال مەدرید 25 گۆڵ و 4 ئەسیستی هەیە، لەبەرامبەردا هالاند لە 20 یارییدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی 20 گۆڵ و 3 ئەسیستی تۆمارکردووە.

ئێمباپێ رێژەی 57%ـی گۆڵەکانی ریال مەدرید لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ تۆمارکردووە، هاوکات هالاند بەشداری لە 44%ـی گۆڵەکانی مانچێستەر سیتی کردووە لە خولە ناوخۆیی و ئەورووپییەکان.

خاڵێکی هاوبەش و گرنگ لەنێوان هەردوو یاریزاندا ئەوەیە، هەریەکەیان 9 گۆڵیان لەو کاتانەدا تۆمارکردووە کە تیپەکەیان لە ئەنجامدا لە دواوە بووە یان یەکسان بوون، ئەمەش لەسەر ئاستی 5 خولە گەورەکەی ئەورووپا ژمارەیەکی پێوانەییە.

لە لێدانەکانی سزادا جیاوازی هەیە، هالاند لەم وەرزەدا هیچ گۆڵێکی بە لێدانی سزا بۆ سیتی نەکردووە و لێدانێکی سزاشی لەدەستداوە، بەڵام ئێمباپێ 8 لێدانی سزای جێبەجێکردووە و 7ـیانی گۆڵکردووە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوکێشەکە دەگۆڕێت، هالاند لە 5 یارییدا 13 گۆڵ و 3 ئەسیستی بۆ نەرویج کردووە و سەرکردایەتی وڵاتەکەی کرد بۆ گەیشتن بە مۆندیال بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1998ـەوە، لە بەرامبەردا ئێمباپێ لە 4 یارییدا 5 گۆڵ و 3 ئەسیستی بۆ فەرەنسا هەیە.

سەبارەت بە گۆڕانکاری لە شێوازی یاریکردن، هالاند لە رووی لێدانی سەرەوە بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا 35%ـی گۆڵەکانی بە لێدانی سەر بووە، ئەمەش بەهۆی باشتربوونی لە جوڵە و جێگۆڕکێ لەناو ناوچەی سزادا، هەروەها مانچێستەر سیتیش زیاتر پشت بە تۆپی بەرز و یاریی راستەوخۆ دەبەستێت.

هێرشبەرە نەرویجییەکە ئێستا زیاتر سوود لە خێرایی خۆی وەردەگرێت بۆ شکاندنی هێڵی بەرگری و گۆڵکردن لە هێرشە پێچەوانەکاندا، نموونەی گۆڵەکەی بەرامبەر مۆناکۆ زیرەکی ئەو دەردەخات لە خوێندنەوەی هێرشەکان و دۆزینەوەی بۆشاییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، ئێمباپێ لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئێستا وەک ژمارە 9ـی راستەقینە یاری دەکات، زیاتر گوشار دەخاتە سەر بەرگریکاران و بەشداری لە دروستکردنی یاری دەکات.

ئەستێرەکەی ریال مەدرید بۆ چارەسەری دۆخی یارییەکان پەنای بۆ لێدانی دوور بردووە، بەشێوەیەک 31%ـی لێدانەکانی لە دەرەوەی ناوچەی سزا بووە و 4 گۆڵیشی بەو شێوازە تۆمارکردووە، بەپێچەوانەی هالاند 97%ـی لێدانەکانی لەناو چوارچێوەی ناوچەی سزادایە.

ئامارەکان دەریدەخەن هالاند وەک هێرشبەرێکی کلاسیکی لەناو بۆکسدا دەمێنێتەوە و تێکڕای 7.1 بەرکەوتنی هەیە لەناو ناوچەی سزای بەرامبەر لە هەر یارییەکدا، بەڵام ئێمباپێ زیاتر دەگەڕێتەوە و دەچێتە لاکان، رێژەی دروستکردنی هەلیشی زیاترە کە 3.3 هەلە لە هەر یارییەکدا.

ململانێی ئەم دوو ئەستێرەیە هاوشێوەی سەردەمی مێسی و رۆناڵدۆیە، لە قۆناخەکانی پێشوودا هەریەکەیان سەرکەوتنیان بەسەر ئەوی دیکەدا تۆمارکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە یاریی داهاتووی نێوانیاندا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، رکابەرییەکە پێ بنێتە قۆناخێکی نوێوە.