بۆچی یاریزانانی ریال مەدرید لەگەڵ ئەلۆنسۆ دڵخۆش نین؟


رووداو دیجیتاڵ

لەماوەی رابردوودا شەپۆلی قسە و شرۆڤە لە میدیاکانی ئیسپانیا، لەبارەی کێشەکانی ریال مەدرید پەرەیان سەندووە، بەشێوەیەک بەدواداچوون و باسکردنی هەموو وردەکارییەکی ژووری جلگۆڕینی یانەی ریال مەدرید، شەوانە لە میدیاکانی ئەو وڵاتەوە باسدەکرێن و ئەوەش کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان چابی ئەلۆنسۆ و ئەستێرەکانی یانەکەی زەقتر کردووەتەوە.
 
ئەگەرچی لەوانەیە زەحمەت بێت، لەسەدا سەد کەس بزانێت لە ژوورەکەدا چی روودەدات، بەڵام پەیامنێر و رۆژنامەنووسە نزیکەکانی ژووری جلگۆڕین، بەتایبەت 'کادینا سێر' و 'کوپێ'، هەموو کات پەنجە لەسەر کێشەکان دادەنێن و دەیکەنە هێدلاینی رۆژانە.
 
رۆژنامەی 'تێلێگراف'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، لە پشتی یاریزانە گەورەکانی وەک ڤینیسیۆس، ئێمباپێ، بێلینگهام و تیبۆ کۆرتواوە، تۆڕێکی فراوان لە بەڕێوەبەری کار، ئەندامانی خێزان، راوێژکار، یاریدەدەر، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان، پسپۆرانی توانای جەستەیی، چێشلێنەر، هاوڕێ و پاسەوان هەن، ئەوەش وایکردووە زەمینەیەکی لەبار بۆ هەموو دەنگۆ و مقۆمقۆیەک لەئارادابێت.
 
هەر ئەوەش وایکردووە، لە چەند هەفتەی رابردوودا و تاوەکو ئێستا، مانشێتە باوەکە ئەوەبێت، ناکۆکی لەنێوان ئەلۆنسۆ و یاریزانەکانیدا هەیە.
 
لەسەرەتاکانی ئەم هەفتەیەدا، دۆخەکە زیاتر شڵەژا، پاشئەوەی تیپەکە لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ دۆڕا لە لالیگا، بەوەش هاندەران لە یاریزانەکان هەڵگەڕانەوە، هەروەها پەیامی تووندیان ئاراستەی یاریزانەکان کرد.
 
ئەگەرچی ژووری جلگۆڕین لەسەرزەمینی گڕکانێکی پەنگخواردوو دەچێت کە تەقینەوەی لە ئانوساتدا بێت، بەڵام هێشتا ئەلۆنسۆ بەهۆی کاروانە گەورەکەی وەک یاریزان و پابەندییەکانی بە بنەماکانی یانەکە، هەست بەپشتگیریی کارگێڕیی تیپەکە دەکات.
 
وێڕای پارێزبەندییەکەی ئەلۆنسۆ، بەڵام شکست بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە یارییەکەی ئەمشەودا، ئەگەر رووبدات، ئەو خاڵە دەبێت کە تێیدا هەمووان بەدەنگی بەرز بەڕووی ئەلۆنسۆدا هاوار دەکەن، ستۆپ..
 
دۆخە گشتییەکە بۆ زۆر کەس وا دێتە بەرچاو، تیپەکە نەرمە، خۆگرتوو نییە و راهێنەریش کۆنترۆڵی سەر یاریزانەکانی لەدەستداوە.
 
ئەگەرچی بەر لە شکستەکەی سێلتا، تیپەکە بەبردنەوەیەکی گەورەوە لە سان مامێس گەڕابووەوە، بەڵام ئەوە راستییەکانی ناکۆکیی نێوان تیپەکەی نەشاردەوە، دۆخەکە هەروەک خۆیەتی، یاریزانەکان لە شێوازی کارکردنی راهێنەرەکەیان ناڕازین و کێشەکانی وەک دووبارەبوونەوەی پێکرانی یاریزانان، پلەی ناکۆکییەکانی نێو ژوورەکە، بەرزتر دەکاتەوە.
 
زۆر کەس پێیانوایە رەگی کێشەکە لەوە قووڵترە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ شکستی تیپەکە بەرامبەر پاریس سانجێرمان، لە چارەکی کۆتایی مۆندیالی یانەکان. شکستێک کە کاریگەرییەکەی گەورەتربوو، کاتێک ئینزۆ مارێسکا و چێڵسی زۆر بەئاسانی توانییان پلانی تۆکمە بۆ لەزەویدانی سانجێرمان لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بدۆزنەوە.
 
ئەم رۆژانە، یەک رستە هەموو میدیای ئیسپانیای بەرامبەر تیپەکە یەکخستووە، ئەگەر بەرامبەر سیتی بەقورسی بدۆڕێت، کۆتاییەکی زۆر خێرای چابی ئەلۆنسۆ رادەگەیەنرێت.
 
ئەلۆنسۆ بەپاشخانێکی گەورەوە هاتووەتە مەدرید، یاریزانێکی جیهانی و براوەی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال و لیڤەرپوول، براوەی جامی جیهانی و زیاتر لە 700 یاری لە سێ یانەی گەورەی ئەورووپا. ئەمە جیا لە کەسایەتییە تووند و ئارامەکەی.
 
تایبەتمەندییە کەسییەکانی ئەلۆنسۆ لە سادەیی، تووندی و رێککاری لە ریال مەدرید بوونەتە سەرچاوەی پێکدادان لە ریال مەدرید. 
 
ئەلۆنسۆ راهێنەرێکە بەپلانێکی وردەوە و بەپشتبەستن بەوردەکارییە بچووکەکان، دەستپێدەکات و بەبونیادنانی تاکتیکێکی گەورە کۆتایی پێدەهێنێت. ئەم شێوازەی کارکردن، لەلایەن ئەستێرەکانی تیپەکەوە پێشوازیی لێنەکرا، چونکە ئەوان لەگەڵ ستایلێکی زۆر جیاوازی کارکردن لەسەردەمی کارلۆ ئەنچێلۆتی و زینەدین زیدان راهاتبوون.
 
گەورەترین ناکۆکی، ئێستا لە نێوان ڤینیسیۆس و ئەلۆنسۆدایە. یاریزانە بەرازیلییەکە کە ساڵی 2027 گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و لە دانوستاندنی ئاڵۆز و پڕگرێدایە لەگەڵ یانەکە بۆ نوێکردنەوەی، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لەگەڵ ستایلی کارکردنی راهێنەرەکەیدا بگونجێت. ستایلێک کە پەراوێزی کەمتری ئازادیی دەداتێ لە یاریگەدا. ئەمە لە کاتێکدا کە ڤینیسیۆس پێیوایە، ئەو تەنیا یاریزانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی بچووکە و بەرژەوەندی چەندین کەس و دەستەی جیاواز لەودا کۆدەبنەوە، ئەو کەس و دەستانە ئێستا ئیدی هەستدەکەن بەهۆی ئەلۆنسۆوە، دەرگاکانی ڤاڵدێبێباس وەکجاران بەڕوویاندا کراوە نییە.
 
دەکرێ بۆ ئێمباپێش هەمان شت راست بێت، ئەو بەڕێگەیەکی تەواو جیاوازدا دەڕوات، خاوەنی یانەی کاینی فەرەنسییە. ئێستا ئیدی ئەستێرەکانی وەک ئەو دووانە، دەسەڵات و کاریگەرییان سنووری یاریگەی تێپەڕاندووە. بەڵام خۆیان بەرامبەر راهێنەرێک دەبیننەوە، کە دەیەوێت ریتمی تیپەکە بەپێی تێڕوانینی خۆی دابڕێژێتەوە، نەک بەپێی تێڕوانینی یاریزانەکانی.
 
لیستی ناڕەزایەتییەکان لە کارەکانی ئەلۆنسۆ لە یانەکەدا درێژتر دەبێتەوە. هەندێک یاریزان ناڕازین لە گەشتکردنی رۆژێک بەر لە یاریی بۆ ئەو شارانەی تیپەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، یارییان تێدا ئەنجامیان دەدات. ئەلۆنسۆ سوورە لەسەرئەوە و ئەوەش پەیوەندی بەئامادەکارییەکانی تیپەکەیەوە هەیە، لە کاتێکدا ریال مەدرید لەماوەی رابردوودا ناچاربوو چەندین یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بکات، بەهۆی میوانداریکردنی یارییەکی خولی تۆپی پێی ئەمریکی لەسەر یاریگاکەی خۆی.
 
لەگەڵ هەموو ئەو رووداوانەدا، راستییەکە هەر نەگۆڕە، ئەلۆنسۆ راهێنەرێکی گەنجە، خاوەن خەون و رێککارە، بەپێی سیستمی راهێنەرانی نوێی ئەورووپی کاردەکات، کە هەموو کات لەگەڵ کولتووری یاریزانە گەنجەکاندا ناگونجێت و ئەوان کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕینی ریالیان کردووە.
 
لە بایرلیڤەرکوزن، کە ئەستێرەی بەختی چابی وەک راهێنەرێک تێدا گەشایەوە، یاریزانان بەسەرسامییەکی زۆرەوە لەویان دەڕوانی. فلۆریان ڤێرتز کە بووە ئەستێرەیەکی گەورەی ئەڵمانیا لە ژێر دەستیدا، لە دوای هەموو مەشقێک چەندین کاژێر دەمایەوە تاوەکو لەگەڵ راهێنەرەکەیدا بەتەنیا کاربکات. ئەلیخاندرۆ گریماڵدۆش کە زۆر بەخێرایی گەشەی کرد، بەهەمان شێوە بوو.
 
ئاوەزەکە لە مەدرید جیاوازە، بەپێی زانیارییەکان، ئەلۆنسۆ سوورە لەسەر کۆبوونەوەی رۆژانە لەگەڵ یاریزانەکان بەر لە هەموو یەکەیەکی مەشق، ئەوەش پابەندییەکە هەندێک لە یاریزانەکان بە 'تاقەتپڕوکێن و ناپێویست' ناوی دەبەن. وەکئەوەی ژمارەیەک یاریزانی زۆر دەوڵەمەند، لە ئەرکێکی زۆر ئاسان کە راهێنەر دایناوە، بێزاربن.
 
وێنەکە دوو دیوی هەیە، دیوێک کە تێیدا چابی لەسەرهەقە و بەدوای باشترکردنی تیپەکەدا دەگەڕێت، وێنەیەکی دیکەش کە تەواو پێچەوانەیە، بەشێکی کێشەکەش دەردەخات، تیپەکە لەسەر شێوازێکی کارکردن لەسەردەمی ئەنچێلۆتی راهاتووە، بەڵام ئێستا خۆی دەبینێتەوە لەبەردەم راهێنەرێکدا کە بەشێوازێکی جیاواز کاردەکات کە پڕیەتی لە تووندی، پابەندی و رێنوێنیی بەردەوام.
 
ناکۆکییەکە هەموو یاریزانەکان ناگرێتەوە، بەڵام هێڵەکانی ناکۆکی روونە، یاریزانە ناڕازییەکان ماوەی پێشوویان بەلاوە باشترە، ئەوان زوو بەبیری هەمووانی دەهێننەوە کە ریال مەدرید لە ماوەی 13 ساڵدا، 6 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 3 لالیگاشی لە دوایین شەش ساڵدا بەدەستهێناوە. ئەوان دەپرسن: بۆچی ئەوە بگۆڕین کە باش کاردەکات؟
 
لە بەرامبەردا، کاتێک لەگەڵ راهێنەرێکی ورد و گەنجی وەک ئەلۆنسۆ کاردەکەیت، دەبێ بەلاتەوە سەیر نەبێت کە ستایلێکی جیاوازی کارکردنی هەیە.
 
لە ریال مەدرید، لە کۆتاییدا هەموو شت لەدەستی سەرۆک پێرێزدا دەمێنێتەوە. ئەو پیاوەی لە 25 ساڵی رابردوودا، 23 ساڵ لە لووتکەی یانەکەدا بووە و لەگەڵ گەیشتنی تەمەنی بە 78 ساڵیدا و گەرمبوونی جەنگی شوێنگرتنەوەی لە پشتی پەردەوە، پێرێز سەرقاڵی دۆسێیەکی دیکەیە، گۆڕینی بەشێکی یانەکە بۆ دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، کە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی بەیاسادانان و قبووڵکردنی کارلێکە دارایی و باجییەکانی هەیە.
 
پێرێز سەرقاڵە، بەڵام ئاگای لە هەموو شتێکە، ئاگای لە ناڕەزایەتییەکانی ڤینی و داواکارییەکانی هەیە. هەروەها دەزانێت کە ڤاڵڤێردی لە یارییکردن لە باڵی بەرگری ناڕازییە. بەڵام ئەوەش دەزانێت کە ئاوەزی گشتی لە ریال مەدرید، پەیوەستە بەئەنجامەکانەوە، کاتێک ریال دەباتەوە ژاوەژاوەکان دادەمرکێنەوە، بەڵام کاتێک شکست میوانە، دەنگە دەنگ لەبەردەرگایە. ئاوازی گۆڕانکارییش بەتووندی دەچڕێت.
 
لە رووە مێژووییەکەوە، ئەستێرەکانی ریال مەدرید راهاتوون بەوەی بەجۆرێک لە جۆرەکان ویستی خۆیان دەسەپێنن. ئەوە لەدوای دیل بۆسکییەوە روویدا، پاشئەوەی لە حەوت ساڵدا نۆ راهێنەر گۆڕدران، دۆخەکە لەگەڵ هاتنی جۆزێ مۆرینیۆدا ئارام بووەوە. لە بەرامبەردا ماوەی راهێنەرایەتی کارلۆ ئەنچێلۆتی، بەنەرمییەکەی و نەبوونی پڕۆژەیەکی روونی ئەندازەی تیپەکە، ئەوە بوو کە یاریزانەکان دەیانویست.
 
بەڵام ئێستا راهێنەرە نوێیەکان هەمان شت جێبەجێ ناکەن، ئەلۆنسۆش لەوانە. لە لیڤەرکوزن سیستمی کارەکە جیاواز بوو، بەرێوەبەری وەرزشی بڕیاربەدەست و راهێنەر بونیادنەر و رێکخەری شتەکان بوو. مامەڵەی لەگەڵ ئەو یاریزانانە دەکرد کە بەپێی تێڕوانینی دامەزراوەکە هێنرابوونە تیپەکە. لەوێ هەموو شت سیستم بوو، لە شیکردنەوەی داتاوە، تاوەکو تاکتیک و توانای جەستەیی، کەس لە دەرەوەی سیستمەکە نەبوو.
 
هەرچی ریال مەدریدە، دۆخەکەی جیاوازە، هاوکێشەکە بەمجۆرەیە، دەسەڵاتی باڵا لای پێرێزە و دوای ئەویش ئەستێرەکان دێن.
 
ئەو هێزەی یاریزانان لە ژووری جلگۆڕیندا هەیانە، وایکردووە بەردەوامبوون و کارکردنی راهێنەرێکی لاو لەپێناو چەسپاندنی سیستمی خۆیدا، زەحمەت بێت. لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە  دەگمەن روویداوە راهێنەرێکی گەنج سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی پێبدرێت، تەنیا خۆرخی ڤاڵدانۆ و دوای ئەویش زیدان لە سیستمەکەدا ئاوارتەبوون.
 
ئەلۆنسۆ ئێستا هاوشێوەی کارکردن لە ئەڵمانیا لە ریال مەدرید بەردەوامە. پڕۆگرامێکی تووند، قسەی بەردەوام، کامڵ بوون، پشتبەستن بەوردەکارییەکان. ئەو سیستمە لە لیڤەرکوزن سەرکەوتوو بوو، چونکە لەوێ پەیکەرێکی رێکخراو و کۆمەڵێک یاریزانی تینووی دەستکەوت هەبوون. بەڵام لە ریال مەدرید هەمان سیستم کارناکات، لەوێ یاریزانەکان لە سیستمەکە گەورەترن، پاشخانیش بەسەر پڕۆگرامی مەشقدا باڵادەستە.
 
تاوەکو ئێستا وێنەکە تەمومژاوییە، هەندێک یاریزان ناڕازین لە دۆخەکە و هەندێک دڵخۆش. هەندێک پێیانوایە ئەلۆنسۆ ئەرکەکەیانی قورس کردووە و هەندێک بەئاسانی دەبینن. هەر کەسەش بەپێی ئاوازەکەی خۆی دەخوێنێت. بەڵام لە کۆتاییدا راستییەک هەیە لە هەموو راستییەکانی دیکە لە ریال مەدریددا بەرجەستەترە، ئەنجامی باش، تاکە رێگەیە بۆ دەربازبوون لە هەموو تەنگژەیەک.
 
ئەنچێلۆتی لە هەمووان باشتر لەو راستییەی سەرەوە تێگەیشتبوو، بۆیە گوتی، دەبێ ئەلۆنسۆ ئەوەی لەبەرچاوبێت، لە ریال مەدرید، یەکسانبوون سەرەتای تەنگژەکەیە.