ڤیدیۆ؛ عەگید کابایێل بە ئاڵای کوردستانەوە بووە پاڵەوانی جیهان

 
رووداو دیجیتاڵ

عەگید کابایێل، بۆکسێنەری بەنێوبانگی کوردستان و جیهان، بردنەوەیەکی گەورە و مێژوویی تۆمارکرد و پارێزگاریی لە پشتێنەکەی کرد لە کێشی قورسدا.
 
لە شەوێکی زۆر تایبەت و سەرنجڕاکێشدا، لە هۆڵی رودۆلف وێبەر ئارێنا لە ئۆبەرهاوسنی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 13 هەزار هاندەر عەگید کابایێل، ئەستێرەی کورد و دامیان کنیبای پۆڵەندی رووبەڕووی یەکبوونەوە.
 
هەزاران هاندەر بە ئاڵای کوردستانەوە چوونە نێو هۆڵەکە و بەردەوام بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد، عەگید عەگید، هەربژی بەرخۆدانا رۆژئاڤا و بەمشێوەیە پاڵپشتیی پاڵەوانە کوردستانییەکەیان کرد.
 
تۆڕی میدیایی رووداو، وەکو یەکەم میدیای کوردستان لە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییە گەورەکە بوو و رووماڵی یارییەکەی کرد.
 
یاریی نێوان هەردوو بۆکسێنەر دەستیپێکرد، عەگید کابایێل بە ئارامییەوە چووە نێو یارییەکە و سەرەتا بەرگریی دەکرد، خۆی یارییەکە 12 خولە و هەر خولێک 3 خولەکە، بەڵام دوای تەنیا سێ خول، عەگید کابایێل بە لێدانێکی کۆشندە لە رکابەرەکەی بردەوە و سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا.
 
لەگەڵ بردنەوەی عەگید لە هۆڵەکەدا ئاڵای کوردستان شەکایەوە و هاندەران بەیەکەوە بە ناوی بۆکسێنەرە کوردەکەوە هاواریان دەکرد، عەگید کابایێل بە ئاڵای کوردستانەوە چووە سەر ستەیج و پارێزگاریی لە پشتێنەکەی کرد لە کێشی قورسدا.
 
ئەم بردنەوەیە، 27ـەم بردنەوەی لەسەریەکی عەگید کابایێل بوو، یاریزانە کوردستانییەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و ئێستا پاڵەوانی جیهانە.
 
عەگید کابیێل، تەمەنی 23 ساڵە، خەڵکی شارۆچکەی پازارخی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستانە، لە ساڵی 2011ـەوە ئەم یارییە دەکات و ئێستا پاڵەوانی جیهانە.