کلاسیکۆی جامی سوپەر.. چیرۆکی کلاسیکۆ وروژێنەرەکان


رووداو دیجیتاڵ

جامی سوپەری ئیسپانیا، لەوکاتەوەی براوەتە سعودیە و سیستمەکەی لە دوو یانەوە کراوەتە چوار یانەی بەشدار، چوار کلاسیکۆی پێشتری بەخۆوە بینیوە کە پڕی رووداوی دراماتیکی بوون، بەڵام دیار نییە پێنجەم چۆن دەبێ.
 
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی شا عەبدوڵا لە جەدە بەیەکدەگەن و هەردوو یانە چاویان لە یەکەم نازناوە لە ساڵی نوێدا.
 
یارییەکەی ئەمشەو، پێنجەم یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەیە لە جامەکە و چوارەمیشە لە یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
سعودیە لە ساڵانی 2020، 2022، 2023، 2024 و 2025 میوانداریی جامەکەی کردووە و لەو میانەدا، سێ یاریی کلاسیکۆ لە یاریی کۆتایی جامەکەدا بەڕێوەچوون.
 
کلاسیکۆکانی جامی سوپەر لە سعودیە، پڕ گۆڵ و سەرنجڕاکێش بوون، ساڵی 2023 سەرنجڕاکێشترین بوو، چونکە بارسا بە 3 - 1 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یانە کەتەلۆنییەکە گەڕایەوە سەر سەکۆی نازناوەکان.
 
ساڵی دواتر، ریال مەدرید بەتووندی گەڕایەوە و 4 - 1 لە بارسای بردەوە لە شەوێکی مێژوویی رەوشانەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆردا کە هاتریکی تۆمارکرد و پێشەوایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەیەکی گرنگ و سەرنجڕاکێش.
 
هەرچی ساڵی 2025ە، یەکێک لە وروژێنەرترین یارییەکانی کۆتایی بەخۆوە بینی، کاتێک بارسا بە 5 - 2 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە یارییەکی پڕ گۆڵدا، کە هەردوو یانە توانایەکی گەورەی هێرشبەریی و هەڵگێڕانەوەی ئەنجامەکەیان تاوەکو دوایین خولەک پێشاندا.
 
لەسەرئاستی ژمارە تاکەکەسییەکان، چەندین یاریزانی هەردوو یانە درەوشاونەتەوە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی تاوەکو ئێستا سێ گۆڵی لە کلاسیکۆکانی یاریی کۆتایی جامی سوپەردا تۆمارکردووە.
 
لیڤا لە کۆتاییەکانی 2023، 2024 و 2025 گۆڵی تۆمارکردووە. ئەو ژمارەیە هاوبەشە لەگەڵ ژمارەکانی ڤینیسیۆس، بەڵام ئەوەی ڤینی لە یەک یاریدا تۆمارکراوە.
 
رافینیاش لە یاریی کۆتایی 2025 دوو گۆڵی تۆمارکردووە و رۆدریگۆش لە ریال مەدرید لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دەرکەوتووە وەک هێرشبەرێکی گۆڵکەر و یەکلاکەرەوە.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا، سەرجەم یاریزانە خاوەن ژمارە تایبەتەکان ئامادەن، بەڵام دیاری نییە کامیان لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت و لەسەرەتاوە یاریی دەکات.