ڤیدیۆ؛ ئونداڤ گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو گۆڵی دروستکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی یانەی شتوتگارت، سەرکردایەتی بردنەوەیەکی گرنگی یانەکەی کرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان لە یانەی بایرلیڤەرکوزنیان بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 16ـی خولی ئەڵمانیا، شتوتگارت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر بایرلیڤەرکوزن یارییکرد و یارییەکەیان بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
لە خولەکی 7 جەیمی لێولینگ گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دێنیز ئونداڤ گۆڵەکەی دروستکرد.
 
پاشان لە خولەکی 29 ماکسیمیلیان میتێلشتاد بەلێدانی سزا یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەم، جەیمی لێولینگ گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، ئەمجارەش ئونداڤ گۆڵەکەی دروستکرد.
 
بەر لە لێدانی فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەمی یارییەکە دێنیز ئونداڤ خۆی گۆڵی تۆمارکرد و شتوتگارت بووە خاوەنی چوار گۆڵ.
 
لە نیوەی دووەمدا لە خولەکی 66 ئەلیخاندرۆ گریماڵدۆ بەلێدانی سزا گۆڵێکی بۆ بایرلیڤەرکوزن تۆمارکرد، بەڵام سوودی نەبوو و لە یاریگەی خۆیان بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ دۆڕان.
 
شتوتگارت بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی 29 خاڵ و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولی ئەڵمانییە.