ڤیدیۆ؛ عەگید کابایێل دوای بردنەوە مێژووییەکەی قسە بۆ رووداو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەگید کابایێل، پاڵەوانی کورد و جیهان دوای بردنەوە مێژووییەکەی بەرامبەر دامیان کنیبا، قسەی بۆ رووداو کرد و پەیامی تایبەتی بۆ هاندەران و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
کابایێل دوای ئەوەی سەرکەوتنی 27ـەمی لەسەریەک بەدەستهێنا بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا دەرکەوت و گوتی "پەرۆشی ئەوەم بڕۆمەوە ماڵەوە، خێزانەکەم، دایک و باوکم ببینم، کچەکەم لەباوەش بگرم و هاوژینەکەم ببینم. ئەم ماوەیەی کۆتایی نزیکەی 13 بۆ 14 هەفتە بە تەواوی دابڕابووم، زۆر بە سەختی مەشقمان کرد، هەموو کاتەکەمان تەرخان کردبوو بۆ سەرکەوتن. ئێستا تەنیا دەمەوێت بچمەوە ماڵەوە."
عەگید سەرسامیی خۆی بە ئامادەبوونی ئەو هەموو هاندەرە کوردە لە یاریگەدا پێشاندا و گوتی "کاتێک دەهاتمە ناو یاریگەکە، سەرسام بووم، 300 بۆ 400 کەس تەنیا لە رێڕۆکە بوون و هاواریان دەکرد "عەگید". من 3 ساڵ بوو لە ئەڵمانیا یاری بۆکسێنم نەکردبوو. دیمەنێکی بەو شێوەیە نزیکەی 12 بۆ 13 هەزار کەس لەوێ بوون، لە گەڕی یەکەمدا کەمێک شڵەژابووم و لەسەرخۆ بووم، چونکە سەرقاڵی جەماوەرەکەم بووم. بەڵام راهێنەرەکەم پێیگوتم: "تۆ لە ئاستی جیهانیت، تۆ یەکێکیت لە باشترینەکانی جیهان، مەهێڵە ئەم شتانە سەرنجت تێک بدەن". ئینجا لە گەڕی دووەمدا هاتمەوە سەر خۆم و لە گەڕی سێیەمدا کارەکەم تەواو کرد."
پاڵەوانە کوردستانییەکە لەبارەی کنیبا بە رۆژنامەڤانانی گوتی "ئەو باڵایەکی بەرزی هەبوو و زۆر باش بەکاری دەهێنا، بەڵام من دەمگوت ئەگەر پلانەکەی خۆمان جێبەجێ بکەین، ئەو تەنیا 3 بۆ 5 گەڕ بەرگە دەگرێت. زەبرەکەم بۆ سەری بوو نەک جەستەی و توانیم بیخەم."
لە وەڵامی پرسیای مەی دۆست، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، لەبارەی پشتگیریی هەوادارانی کورد و گرنگی بوونی ئاڵای کوردستان لە یاریگەدا؟ عەگید کابایێل گوتی "پشتگیریی کورد زۆر زۆر گرنگە بۆ من. ئەمانە رەچەڵەکی منن، من بە ڕەچەڵەک کوردم. ئەو پشتگیرییەی لە کوردستانەوە بۆم دێت پێناسە ناکرێت. لە کۆی 13 هەزار کەس، پێموایە 8 بۆ 9 هەزار کەسیان کورد بوون. زۆر دڵخۆشم کە دەتوانم نوێنەرایەتی کوردستان بکەم."
رووداو پرسیارێکی دیکەی لە کابایێل کرد، پەیامت بۆ هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان، خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە چییە؟ لە وەڵامدا پاڵەوانی جیهان گوتی "لە ناو یاریگەش گوتم: "رۆژئاوا ئازاد" بێت. نابێت چاومان دابخەین، دەبێت سەیری ئەوێ بکەین. خەڵکی بێتاوان دەکوژرێن و لە ماڵەکانیان دەردەکرێن. ئەمە بابەتێکی مرۆییە و دەبێت هەموومان پێکەوە بین."