هانزی فلیک: ئێمباپێ باشترین هێرشبەرە بەڵام دەزانین چۆن رووبەڕووی دەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەڵێ دڵخۆشین بەئەنجامدانی کلاسیکۆ، دەمانەوێت یەکدەستیی خۆمان لە یاریگەدا ببینین.
بارسێلۆنا، ئەمشەو لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە جەدە رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
هانزی فلیک بەر لە یارییەکە دەڵێ، "هەمووان دڵخۆشن بەوەی کە لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەکەین. ئەمە کلاسیکۆیە و دەتوانیت نازناوی تێدا ببەیتەوە. بێگومان، ئەوەی دەمەوێت بیبینم هەمان ئەو ئاستەیە کە بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو پێشکەشمان کرد. ئێمە یەک دەست، یەکگرتووانە یارییمان کرد، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەمەوێت بیبینم. هەموو ئەو شتانەی دەمانویست لە پلانی یارییەکەدا بیبینین، یاریزانەکان لەناو یاریگادا نیشانیاندا و ئەمە گرنگترین شتە".
راهێنەری بارسێلۆنا باسی تواناکانی ریال مەدرید کردووە بەوەی "یاریزانی نایاب و ئاستبەرزیان هەیە. کوالێتیی تیپەکەیان بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەرزە".
بەڵام سەرنجەکانی لە یارییەکەدا بەوە چڕکردووەتەوە، "من سەرنجم لەسەر تیپەکەی خۆمە، چونکە ئەوەی گرنگە ئەوەیە چۆن یاریی دەکەین و چۆن دەست بە یارییەکە دەکەین. دەمانەوێت نازناوێک ببەینەوە و یارییەکە بەرامبەر ریال مەدریدە، پێموایە هیچ پاڵنەرێکی دیکە لەوە گەورەتر نییە".
پێناچێ ئەگەری بەشدارییکردنی کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکەی ئەمشەودا، جێگەی خۆشحاڵیی راهێنەری بارسا بێت، ئەگەرچی بەبڕوای فلیک "حاڵی حازر ئێمباپێ باشترین هێرشبەرە".
بارسا و تیپەکەی فلیک چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو مەترسییانەدا دەکەن کە کیلیان لە یارییەکەدا دروستیدەکات؟ ئەو بەم دێڕە وەڵامدەداتەوە، "ئەو گۆڵی زۆر زۆری تۆمارکردووە و یاریزانێکی جیهانییە... ئێمە لەنێو یاریگە نیشانی دەدەین کە چۆن رووبەڕووی دەبینەوە".
هەر کاتێک باسوخواس بێتە سەر رووبەڕووبوونەوەی یاریزانێکی خێرا و کاریگەری وەک ئێمباپێ، هاندەرانی بارسا جارێکی دیکە بەهۆی تەڵەی ئۆفسایدەکەی فلیکەوە، جۆرێک لە ترس لە دڵیاندا دوست دەبێت.
بەڵام بۆ یارییەکەی ئەمشەو، پێدەچێ راهێنەرە ئەڵمانییەکە، بیرکردنەوەیەکی نوێی هەبێت، "دەزانم کیلیان یاریزانێکی نایابە. بۆ ئەو، بوونی هەر کەلێنێک لە پشتی هێڵی کۆتایی بەرگری زۆر گونجاوە و تێیدا نایابە. بۆ ئەوەی ئێمە کێبڕکێی یەکێک لە باشترین تیپەکانی جیهان بکەین، دەبێت لێکدانەوە بۆ ئەوەش بکەین. ئێمە هەندێک گۆڕانکاری و خۆگونجاندن دەکەین".
لای فلیک، باسەکە تەنیا یەک یاریزان نییە، تاوەکو تەنیا بەیەک ئاراستە لە دۆخەکە بڕوانێت بەڵکو تیپێکە بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە، ئەو فراوانتر بیریکردووەتەوە، "ئەمە تەنیا بەتایبەت بۆ کیلیان ئێمباپێ نییە، بەڵکوو بۆ ریال مەدریدە بە گشتی. پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن دەمانەوێت یاری بکەین و چاوەڕێی چییان لێ دەکەین. هەمیشە بەم شێوەیەیە، بەڵام ئێمە سەرنجمان لەسەر فەلسەفە و بیرۆکەی خۆمانە بۆ ئەوەی چۆن یاری بکەین. دەمانەوێت وەک بارسا یاری بکەین، شێوازی بارساش جیاوازە لە شێوازی ریال مەدرید".
فلیک پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو هەیە، تاوەکو دووپاتی بکاتەوە یەکەم شکست لە یەکەم کلاسیکۆدا بەرامبەر چابی ئەلۆنسۆ، کەوتنێکی کاتی بوو.