ئەمشەو ریال مەدرید تەنیا لە یەک پیاوی بارسێلۆنا دەترسێت

رووداو دیجیتاڵ

تۆمارە ترسناکەکەی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا لە یارییە کۆتایییەکاندا مۆتەکەیەکە کە خەو لە چاوی مەدریدییەکان دەزڕێنێت!.
 
ریال مەدرید خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرە مێژووییەکەی، بارسێلۆنا ئامادە دەکات. ئەمە تەنیا یارییەک نییە، بەڵکو رووبەڕووبوونەوەیەکە رەهەندی گەورەی هەیە و لەوانەیە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاییندەی  چابی ئەلۆنسۆ  هەبێت، لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا کە بڕیارە ئەمشەو بەڕێوەبچێت.
 
هەرچەندە کلاسیکۆ هەمیشە پڕە لە دراما و سوپرایز، بەڵام ئەم یارییە کۆتایییە 'یەکلاکەرەوەتر' دەردەکەوێت. نەک تەنیا لەبەر ململانێی سەر نازناوەکە، بەڵکو لەبەر ئەو پیاوەی لە لاکێشەی هونەریی بەرامبەر وەستاوە؛ هانزی فلیک. پیاوێک کە لە یارییە کۆتایییەکاندا خاوەنی تۆمارێکی نموونەییە.
 
چابی ئەلۆنسۆ هەرچەندە لە خولی ئیسپانییدا و لەم وەرزەدا پێشتر لە فلیکی بردەوە، بەڵام یارییە کراوەکان و جەنگی 'کۆتایییەکان' چیرۆکێکی دیکەیان هەیە. لێرەدا باڵادەستییە بێدەنگەکەی پیاوە ئەڵمانییەکە دەردەکەوێت کە بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت نادیدە بگیرێت.
 
تۆمارە سپی و تۆقێنەرەکە؛ 7 یاریی کۆتایی و 7 نازناو!
 
مێژووی هانزی فلیک لەگەڵ یارییە کۆتایییەکاندا، مێژوویەکە لە سەرکەوتنی رەها. ئەو لە تەواوی کاروانی راهێنەرایەتییدا چووەتە ناو 7 یاریی کۆتایی و لە هەر هەمووشیاندا وەک پاڵەوان و بە مەدالیای زێڕەوە گەڕاوەتەوە.
 
پێنج لەو نازناوانە لە سەردەمە زێڕینەکەیدا لەگەڵ بایرن میونشن بوون، دووەکەی دیکەیشی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بەدەستهێناون.
 
چیرۆکی عەشقی فلیک و نازناوەکان لە وەرزی 2019 - 2020 لەگەڵ باڤارییەکانەوە دەستیپێکرد. کاتێک لە کۆتایی جامی ئەڵمانیا شکستی بە بایەرلیڤەرکوزن هێنا. ئەمە تەنیا سەرەتای گەردەلوولەکە بوو؛ چونکە تەنیا دوای چەند هەفتەیەک، نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ باوەشی بایرن میونسن چنییەوە و پێگەی خۆی وەک 'پیاوی کاتە سەختەکان' ناساند.
 
زەبر و زەنگی فلیک بەردەوام بوو؛ بایرن جامی سوپەری ئەورووپای لە سێڤییا بردەوە بەئەنجامی 2-1، و تەنیا دوای چەند رۆژێک، لە سوپەری ئەڵمانیادا شکستی بە بۆرووسیا دۆرتموند هێنا بەئەنجامی 3-2. دوایین وێستگەی شکۆمەندییەکەی لەگەڵ بایرن میونشن، یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان بوو، کە تێیدا لە یانەی تیگرێسی مەکسیکی بردەوە بەئەنجامی 1-0 بۆ ئەوەی شەشینە مێژووییەکە بۆ یانە ئەڵمانییەکە تەواو بکات.
 
بۆیە مەدریدییەکان مافی خۆیانە نە لە لامین، نە پێدری و نە رافینیا بترسن، بەڵکو دەبێت لە هانزی فلیک بترسن، کە دەیەوێت لە هەشتەم یاریی کۆتاییدا هەشتەم بردنەوە لەسەر حسابی ریال مەدرید بەدەستبێنێت.