دۆسێی نیگرێرا؛ سێبەرێکی رەش بەسەر کلاسیکۆ و پەیوەندییەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆناوە
رووداو دیجیتاڵ
کلاسیکۆیەکی نوێ لە سعودیە، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید کۆدەکاتەوە و جارێکی دیکە، دۆسێی نیگرێرا باڵ بەسەر پەیوەندییە تووندەکانی نێوان هەردوو یانەدا دەکێشێت.
لە یاریگەی شا عەبدوڵا لە جەدە، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا بەیەکدەگەن. براوەی یارییەکە یەکەم نازناوی ساڵەکە مسۆگەر دەکات.
لەسەروبەندی کلاسیکۆدا، جارێکی دیکە مشتومڕەکانی تایبەت بەپەیوەندیی خراپی نێوان هەردوو یانە. بەتایبەت گرژییەکانی ماوەی رابردوو بەهۆی دۆسێی نیگرێراوە، باڵی بەسەر دیمەنە گشتییەکەدا کێشاوە.
نزیکەی سێ ساڵ بەسەر ئاشکرابوونی دۆسێی پارەدانەکانی یانەی بارسێلۆنا، بە بڕی 8.4 ملیۆن یۆرۆ بۆ خوسێ ماریا ئێنریکیز نیگرێرا، جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا تێدەپەڕێت. دادگای بارسێلۆنا لێکۆڵینەوە لەو پارانە دەکات لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2018 کە بۆ کۆمپانیاکانی نیگرێرا نێردراون.
مانگەکانی داهاتوو رەنگە دۆسێیەکە بەرەو دادگاییکردنی تاوانکاری هەنگاو بنێت و ئەگەری سزای زیندانی بۆ تێوەگلاوان هەبێت. تەنیا یەک پرسیاری گەورە ماوەتەوە؛ بۆچی ئەو پارانە دراون و بارسێلۆنا لە بەرامبەردا چاوەڕوانیی چی کردووە؟ ئێستا ئەم کێشەیە بووەتە هۆی تەقینەوەی ململانێیەکی تووند لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید.
مانگی 12ـی ساڵی رابردوو چەندین کەسایەتی باڵا بانگهێشتی دادگا کران. لەوانە خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا، لویس ئێنریکێ و ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی راهێنەرانی پێشووی یانەکە. چەند هەفتەیەک بەر لە کریسمس، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی ریال مەدرید هێرشی تووندی کردە سەر بارودۆخەکە و گوتی، "دۆخی ناوبژیوان لە ئیسپانیا زۆر مەترسیدارە. ئەوەی لە دۆسێی نیگرێرادا بۆ ماوەی دوو دەیە روویدا، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ناوبژیوانیی ئیسپانیادا هەیە".
ئەم لێدوانە سێ رۆژ دوای گەواهیدانی لاپۆرتا هات لەبەردەم دادوەر. لاپۆرتا داکۆکی لە رەوایی پارەدانەکان کرد و گوتی "بارسێلۆنا هەرگیز کاری بۆ گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان نەکردووە. ئەمە هەوڵێکە بۆ لەکەدارکردنی سەردەمە زێڕینەکەی مێژووەکەمان". دوای ئەوەی کەناڵی فەرمی ریال مەدرید ڤیدیۆیەکی لەسەر ناکۆکییەکانی گەواهیدانی لاپۆرتا بڵاوکردەوە، سەرۆکی بارسێلۆنا وەڵامی دایەوە و گوتی "رێگە بەو جووڵانە نادەین لەلایەن ئەو کەسانەی دەسەڵات و دیکتاتۆریی تێکەڵ دەکەن. ئەوان خاوەنی تەلەفزیۆنێکی قێزەونن تەنیا درۆ فڕێدەدەن و ژینگەکە ژەهراوی دەکەن".
ململانێکان گەیشتە ئاستی تۆمەتبارکردنی یەکدی بە لایەنگری 'رژێمی فرانکۆ'. لاپۆرتا دەڵێت ریال مەدرید، تیمی رژێم بووە و بۆ ماوەی 70 ساڵ لە دەسەڵاتی سیاسی و وەرزشییەوە نزیک بووە. لە بەرامبەردا ریال مەدرید بە ڤیدیۆیەک وەڵامی دایەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد رژێمەکەی فرانکۆ لایەنگریی بارسێلۆنای کردووە. ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو جەمسەرە گەورەکەی ئیسپانیا بە تەواوی پچڕاوە.
چیرۆکەکە لە مانگی 2ـی 2023 دەستی پێکرد، کاتێک ئاشکرابوو بارسێلۆنا لە نێوان 2016 بۆ 2018 بڕی 1.4 ملیۆن یۆرۆی بە کۆمپانیایەکی نیگرێرا داوە. دواتر دەرکەوت کۆی گشتی پارەکان دەگاتە 8.4 ملیۆن یۆرۆ کە لەو کاتەدا نیگرێرا پۆستی باڵای لە لیژنەی ناوبژیوانان هەبووە. نیگرێرا بە فەرمانگەی باجی گوتبوو بارسێلۆنا پارەی پێداوە "بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هیچ بڕیارێکی ناوبژیوان دژی ئەوان نادرێت، واتە هەموو شتێک بێلایەن بێت". بەڵام لاپۆرتا دەڵێت پارەکە تەنیا بۆ وەرگرتنی "راوێژی تەکنیکی" بووە لەسەر ناوبژیوانان.
لویس ئینریکێ و ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی، وەک دوو راهێنەری پێشووی یانەکە، لە دادگا هەموو شتێکیان رەتکردەوە. لویس ئینریکێ گوتی "کەس باسی هیچ راپۆرتێکی بۆ نەکردووم، نە بۆ خۆم و نە بۆ ستافەکەم". ڤاڵڤێردیش جەختی کردەوە ئاگای لە بوونی راپۆرتی لەو شێوەیە نەبووە و داوای نەکردووە. ئەم گەواهیدانانە گومانی زیاتری لای دادوەر دروست کردووە کە ئەگەر راهێنەران راپۆرتەکانیان نەبینیوە، ئەی پارەکە بۆ چی خەرج کراوە؟
لە رووی یاساییەوە، بارسێلۆنا بە 'گەندەڵیی وەرزشی' و 'ساختەکردنی بەڵگەنامە بازرگانییەکان' تۆمەتبار کراوە. دادوەر دەڵێت "بە لۆژیکێکی سادە، بارسێلۆنا 7 ملیۆن یۆرۆ نادات بە نیگرێرا ئەگەر سوودی لێ نەبینێت". لێکۆڵینەوەکان لە 1ـی مانگی 3ـی ئەمساڵ کۆتایی دێن. ئەگەرچی لالیگا ناتوانێت سزای وەرزشیی بارسێلۆنا بدات بەهۆی بەسەرچوونی کات، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و فیفا چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئەگەری سزای قورس لە ئارادایە.