ڤیدیۆ راپۆرت؛ بایرن بۆ ریکۆردێکی گەورە و تیگرێسیش بۆ مێژوو یارییدەکەن

11-02-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بایرن میونشن، تیگرێس
بایرن میونشن، تیگرێس
نیشانەکردن جامی جیهانی یانەکان بایرن میونشن تیگرێس
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لەبەردەم هەلی بردنەوەی نازناوێکی دیکەی جامی جیهانی یانەکانە و یانەی تیگرێس ئونالی مەکسیکیش بەدوای نووسینەوەی مێژوودا دەگەڕێت.

ئەمشەو لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکاندا، کاژێر 21:00 لەسەر یاریگەی شاری زانستی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، هەردوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا و تیگرێس ئونالی مەکسیکی پاڵەوانی ئەمریکای باکوور رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

بایرن لە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکە دەبێتە خاوەنی شەش نازناو لەم وەرزەدا، پێکهاتەکەشی بەتەواوی ئامادەیە، ئەوەنەبێت کە جیرۆم بواتینگ، بەهۆی کۆچی دوایی کچە هاوڕێیەکەی پێشووی گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا.

تیگرێس بەهۆی بردنەوەی دوو یاریی رابردوو لە پاڵەوانێتییەکەدا، لەلایەن بایرن میونشنەوە بە گرنگییەکی زۆرەوە سەیردەکرێت، بەتایبەتیش کە ئاندرێ پیێر جینیاکی فەرەنسی بە سێ گۆڵ، گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەیە، بەڵام بایرن میونشنیش وەک هەمیشە لیڤاندۆڤێسکیی هەیە و دەیەوێت لە هێڵی پێشەوەدا یانەکە بەرەو نازناوەکە ببات.

بایرن میونشن لە جامی جیهانی یانەکاندا تاوەکو ئێستا لە مێژوودا 3 یارییکردووە، لە هەرسێ یارییەکەدا گۆڵەکەی پاراستووە، کە لە 2013 نازناوەکەی بۆ یەکەمجار بردەوە، ئەگەر ئەمڕۆ گۆڵەکەی پاراست، ریکۆردی بارسێلۆنا یەکساندەکاتەوە کە چوار یاریی گۆڵەکەی پاراستووە، جگە لەوەش بەبردنەوەی نازناوەکە ریکۆردی یانەکە بۆ بردنەوەی شەش نازناو لە وەرزێکدا یەکساندەکاتەوە.

بایرن میونشن و تیگرێس هیچ ئەزموونێکیان بەرامبەر یەکدی نییە و یەکەمجارە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆیە یارییەکە بۆ هەردوولا قورس دەبێت، بەتایبەتیش تیگرێس چاوی لە سوپرایزە بۆ ئەوەی وەک یەکەم یانەی ئەمریکای باکوور نازناوەکە بباتەوە.

پێنج ریکۆرد چاوەڕێی بایرن میونشن دەکەن

1- بایرن میونشن دوای بردنەوەی لە ئەهلیی میسری لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بە 2-0، یانەکە لە هەموو ئەو یارییانەی لە مۆندیالی یانەکاندا کردوویەتی، دوو گۆڵ یان زیاتری کردووە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، ئەگەر ئەمشەو گۆڵەکەی پاراست، ریکۆردی ساڵانی 2011 و 2015ـی بارسێلۆنا یەکساندەکاتەوە، کە چوار یاریی جامی جیهانی یانەکان گۆڵی لێنەکراوە.

2- بۆ یەکەمجار ئەمشەو بایرن میونشن لە پاڵەوانێتییەکی فەرمیدا بەرامبەر یانەیەکی ئەمریکای باکوور یارییدەکات، یانەی تیگرێسی مەکسیکیش دەبێتە یەکەم یانەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی یانەیەکی ئەوروپی ببێتەوە.

3- بایرن میونشن لە 2013 نازناوەکەی بردووەتەوە، لەو کاتەوە هیچ یانەیەکی ئەوروپی لە پاڵەوانێتییەکەدا نەدۆڕاوە، دوایینجار یانەیەکی ئەوروپا نازناوەکەی لەدەستدابێت چێڵسیی ئینگلیزی بووە کە لە 2012 بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانەی کۆرێنچیانزی بەرازیلی دۆڕا، ئەمڕۆ بایرن چاوی لە بردنەوەی نازناوی دووەمە.

4- بایرن میونشن لە دوایین 19 یاریی سەر ئاستی ئەوروپا 18 یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا لە چامپیۆنزلیگ بە 1-1 لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسانبووە، لە دوایین 7 یارییشدا لە یاریگەکانی دەرەوەدا بایرن میونشن بردنەوەی تۆمارکردووە.

5- ئەگەر ئەمڕۆ بایرن میونشن بووە پاڵەوانی جیهان، ئەوا هانز فلیک نازناوی شەشەم لە ماوەی تەنیا 68 یارییدا لەگەڵ یانەکە دەباتەوە، بە رێژەی هەر نازناوێک بۆ 11 یاری.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە