بایرن دەیەوێت وەکو دوایین یانە بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیا
رووداو دیجیتاڵ
دوایین یاریی قۆناخی هەشتی جامی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، کاژێر 22:45 یانەی بایرن میونشن لە ئالیانز ئارێنا بەرامبەر لایپزیگ یاریی دەکات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
بایرن لە دوای بردنەوە گەورەکەی گەڕی رابردووی بوندێسلیگا، بەرامبەر یانەی هۆفێنهایم دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە لە جامدا تۆماربکات و بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
باڤارییەکان لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ بە دۆخێکی نایابدا تێدەپەڕن، یانەکە پێشتر دووجار لە جامدا بەرامبەر لایپزیگ یارییکردووە و هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە، ئەگەر بایرن میونشن یارییەکەی بردەوە دوای 6 ساڵ یەکەمجار دەبێت یانەکە بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، دوایینجار کە یانەکە گەیشت لە وەرزی 2019-2020 بوو و لەو ساڵەدا یانەکە نازناوەکەی بردەوە.
بایرن میونشن لەم وەرزەدا 79 گۆڵی لە خولی ئەڵمانیادا تۆمارکردووە، 11 گۆڵی بەرامبەر لایپزیگ بووە، لە یارییەکدا 6-0 و لە یارییەکدا 5-1 لەو یانەیەی بردووەتەوە.
پێشتر یانەکانی بایرلیڤەرکوزن، شتوتگارت و فرایبۆرگ گەیشتوونەتە قۆناخی پێشکۆتایی و ئەمشەو دوایین یانە سەردەکەوێت.