یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان سەرپەرشتیارانی یاری تاقیدەكاتەوە


لیژنەی سەرپەرشتیاران لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان تاقیكردنەوەی سەرپەرشتیارانی یارییەكانی خولەكانی كوردستان ئەنجامدەدات.

سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: لەرێگەی لیژنەی سەرپەرشتیارانی سەر بە یەكێتییەكەمان، تاقیكردنەوەی تیۆری و زانیاری بۆ سەرپەرشتیارانی یارییەكانی خولەكانی كوردستان دەكرێت، بۆ ئەوەی رادەی زانیاری و شارەزاییان لەكارەكەدا تاقیبكرێتەوە و لەهەمان كاتدا كەموكوڕییەكانی بۆ بخرێتەڕوو و زانیاری تازەیان پێبدرێت.

گوتیشی: "سەرپەرشتیاران هەریەكەی لە شارەكەی خۆیدا تاقیكردنەوەی بۆ دەكرێت، كە بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو دەبێت.

بە گوتەی سەلام حوسێن تاقیكردنەوەی سەرپەرشتیارانی شارەكانی سلێمانی و كەركووك لە 15ی ئەم مانگە و تاقیكردنەوەی سەرپەرشتیارانی شارەكانی هەولێر و دهۆكیش لە رۆژی 17ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی روودانی چەند كێشە و گرفتێك لە یاریگەكانی كوردستان، گلەیی و رەخنە ئاراستەی سەرپەرشتیارانی یاری كرا و تەنانەت لەلایەن یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانەوە چەند سەرپەرشتیارێك دووچاری سزا و راگرتن هاتن.