ئوسترالیا مافی پەنابەریی دایە دوو ئەندامی دیکەی هەڵبژاردەی ئێران، بەڵام یەکێکیان پەشیمانبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئوسترالیا مافی مانەوەی دایە دوو ئەندامی دیکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، بەڵام یەکێک لە خانمانە لە دوایین ساتەکاندا پەشیمانبووەتەوە.
 
وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، دوو ئەندامی دیکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا پێدرا، بەر لەوەی شاندی هەڵبژاردەکە بگەڕێتەوە ئێران، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا یەکێک لەو یاریزانانە پەشیمانبووەوە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
 
تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاند، یەکەم کارم لە بارەی بڕیاردان لەسەر ئەم شاندە، پێش ئەوەی هیچ کەسێک بگاتە ئوسترالیا دەستیپێکرد، ئەویش لە کاتی دیاریکردنی ئەوەی کێ لە وەرگرتنی ڤیزا بێبەش دەکەین . هەموو ئەوانەی داوای ڤیزایان کردبوو، ڤیزایان پێ نەدرا.
 
وەزیرەکە زیاتر دەڵێت "ئەگەر بەم زمانە بیڵێم چونکە هەندێک دەنگۆ و پێشبینیم بینیوە؛ ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان هەبووە و دیارە ئێمە لەگەڵ هاوبەشە ئەمنییەکانمان کار لەسەر ئەم هەڵسەنگاندنانە دەکەین، ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەبووە، بەهۆی ئەو جۆرە پەیوەندییانەوە ڤیزایان پێنەدرا.
 
بێرک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر کەسێک ڤیزای وەرگرتبێت ئۆتۆماتیکی کەسێکی زۆر باش بێت و هۆکارێکیش هەیە بۆ ئەوەی کە بۆچی بە هەندێک کەس پێشنیازی راستەوخۆی پەنابەرییان بۆ نەکرا. هەندێک کەس لەناو ئەوانەی ئوسترالیایان بەجێهێشت هەبوون کە من خۆشحاڵم چی دیکە لە ئوسترالیا نین."
 
وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا دەڵێت "یاریزانێک و ئەندامێکی تیمی هونەریی هەڵبژاردەکە پەیوەندییان بەو پێنج یاریزانەوە کرد کە پێشتر مافی پەنابەرییان پێدرابوو، بەڵام چەند کاژێرێک دوای رایگەیاند، یەکێک لەو دوو ئەندامە پەیوەندیی بە هاوتیپەکانی کردووەتەوە و پێیگوتوون منیش دەگەڕێمەوە."
 
تۆنی بێرک لەبارەی ئاشکرابوونی شوێنی مانەوەی ئەوانەی مافی پەنابەرییان پێدراوە دەڵێت "کاتێک ئەو ئەندامەی کە پەشیمانبووەتەوە پەیوەندیی بە شاندی هەڵبژاردەکەوە کردووە، هاوڕێکانی پێیگوتوون پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئێرانەوە بکات بۆ ئەوەی بچن بە شوێنیدا و بگەڕێتەوە، بەو شێوەیە باڵیۆزخانەی ئێران شوێنی ئەوانەی دیکەشی زانیووە، بۆیە دەستبەجێ ئەوانەی مافی پەنابەرییان پێدراوە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە."
 
وێنەی هەموو ئەو یاریزان و ئەندامانەی هەڵبژاردەی ئێران بڵاوکراوەتەوە کە مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا پێدراوە، بەڵام ئاشکرا نەکراوە کامیان پەشیمانبووەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران.