ناوی ئەو یاریزانە ئێرانییە ئاشکرابوو کە بۆ مانەوە لە ئوسترالیا پەشیمانبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران بۆ وڵاتەکەیان، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ناوی ئەو یاریزانە ئاشکرا دەکەن کە لە دوایین ساتەکاندا پەشیمانبووەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەکە گەڕایەوە.
پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران، داوای مافی مانەوەیان لە ئوسترالیا کرد و هەر پێنجیان بەفەرمی مافەکەیان لەلایەن حکومەتی ئوسترالیاوە پێدرا، دوای ئەوە دوو ئەندامی دیکەی شاندەکە داوای مافەکەیان کرد و وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاند، ئەو دوو کەسەش مافی مانەوەیان پێدراوە، بەڵام یەکێکیان لە دوایین ساتەکاندا پەشیمانبووەتەوە.
سەرەتا کاتێک هەواڵەکە بڵاوبووەوە، ناوی ئەو کەسە ئاشکرا نەکرابوو کە پەشیمانبووەتەوە و بڕیاریداوە لەگەڵ هەڵبژاردەکە بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، موحەدسە زۆڵفی، ئەو یاریزانە ئێرانییەیە کە لە دوایین ساتەکاندا بڕیاریداوە پەشیمان ببێتەوە و لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی ئێران گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەو یاریزانەش داوای مافی مانەوەی لە ئوسترالیا کردبوو، بەڵام پەشیمانبووەوە و گەڕایەوە ئێران.
چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هەڕەشە لە خێزانی یاریزانەکان کراوە و پێیانگوتراوە خێزانەکانتان نیگەرانن بۆیە بگەڕێنەوە.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران لە جامی ئاسیا لە ئوسترالیا، سێ یارییان ئەنجامدا و هەرسێ یارییەکەیان دۆڕاند، ئەوان لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر کۆریای باشوور ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و یاریزانانی هەڵبژاردەکە رووبەڕووی هەڕەشەی جیاواز بوونەوە، بۆیەش 6 ئەندامی شاندی هەڵبژاردەکە مافی مانەوەیان لە ئوسترالیا پێدرا و لەگەڵ هەڵبژاردەکە نەگەڕانەوە ئێران.