چارەسەرییەکی تایبەت رۆناڵدۆ لە مەترسی بەشدارینەکردن لە مۆندیال دووردەخاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، پەنای بۆ چارەسەری "گوشاری هەوا Air Pressure بردووە، وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی خەونەکەی و بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026.
ئەستێرەکەی پێشووی مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید، دوای ئەوەی لە یارییەکی خولی سعودی بە شەلە شەل یاریگای جێهێشت، ترسی ئەوەی دروست کرد کە نەتوانێت بەشداری لە شەشەمین مۆندیالی مێژوویی خۆیدا بکات.
ئەم ئەستێرە پۆرتوگالییە تەمەن 41 ساڵە، لە کاتی سەرکەوتنی یانەی نەسڕ بەئەنجامی 3-1 بەسەر یانەی فەیحا، تووشی پێکانێکی ماسوولکەیی بوو. دوای ئەوەی بە شەلە شەل چووە دەرەوە، بینرا کە تورەکەیەک سەهۆڵی خستبووە سەر بەشی پشتەوەی ئەژنۆی کاتێک لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتبوو.
لەو کاتەوە سعودیەی بەرەو ئیسپانیا جێهێشتووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، چونکە دەرکەوتووە پێکانەکەی لەوە سەختترە کە سەرەتا پێشبینی دەکرا. دۆن دەستی بە پڕۆسەی چاکبوونەوە کردووە و وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا چارەسەری 'گوشاری هەوا' وەردەگرێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی زە سەن، ئەم جۆرە چارەسەرە یارمەتی دەرکردنی شلە لیمفاوییەکان دەدات، ئازار کەم دەکاتەوە و یارمەتی پاککردنەوەی جەستە لە ژەهرەکان دەدات.
خۆرخێ جیسۆس، راهێنەری یانەی نەسڕ لەو بارەیەوە گوتی "دوای پشکنینەکان دەرکەوت پێکانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ مەترسیدارتر بوو لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد، ئێستا گەشتی بۆ ئیسپانیا کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر". جیسۆس ئاماژەی بەوەش کرد "پێکانەکەی پێویستی بە چارەسەرە لە مەدرید لەگەڵ پزیشکە تایبەتەکەی خۆی، هیوادارین زوو بگەڕێتەوە و یارمەتی تیپەکە بدات".
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دوو یاریی دۆستانەدا ەووبەڕووی مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتەوە، و هێشتا دیارنییە ئایا رۆناڵدۆ دەتوانێت بەشداری بکات یان نا.
ڕۆناڵدۆ هیوادارە ئەم چارەسەرە یارمەتی بدات بەزووترین کات بگەڕێتەوە یاریگاکان بۆ ئەوەی هاوکاری یانەی نەسڕ بکات لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولی سعودی. ئەو تاوەکو ئێستا 21 گۆڵی لە ٢٢ یارییدا تۆمارکردووە، لەکاتێکدا تیپەکەی بەجیاوازی دوو خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە.