ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بە لیستێک پێکانەوە رکابەریی مانچێستەر سیتییەکی ئاگرین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریی لووتکەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەنێوان ریال مەدریدی ئیسپانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەبێت، بەشێکی زۆری یاریزانەکانی یانەی شاهانەش بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
ئەمشەو لە درێژەی یارییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی دەکات، ئەمە ئەو یارییە کە زۆرترینجار لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە چامپیۆنزلیگدا دووبارە بووەتەوە و ئەمە پێنجەم وەرزی لەسەریەکە هەردوو تیپ لە چامپیۆنزلیگدا یەکدی دەبیننەوە.
رۆژێک بەر لە یارییەکە ریال مەدرید لە ڤالدێبێباس دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا، تیپەکەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا پڕە لە کێشە و بەشێکی زۆری یاریزانەکانی بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یەکەمی یانەی شاهانەیە، گۆڵکاری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە بە تۆمارکردنی 13 گۆڵ، بەڵام پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، ئەمە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر هێڵی پێشەوەی یانەی ریال مەدرید دەبێت.
جگە لە ئەستێرە فەرەنسییەکە، جود بێلینگهام، رۆدریگۆ، ئەلڤارۆ کارێراس، ئیدێر مێلیتاو، دەیڤد ئالابا و دانی سێبایۆس بەهەمان شێوە پێکانیان هەیە و ناتوانن هاوکاریی پلانەکانی ئەلڤارۆ بکەن لەم تاقیکردنەوەیە زەحمەتەدا.
ریال مەدرید لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، لە یاریی رابردووی لالیگادا بە زەحمەت سەرکەوتنی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ بەدەستهێنا و درێژەی بە رکابەریکردنی بارسێلۆنا بدات لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
یانەی مانچێستەر سیتی، لە رووی ئامادەییەوە زۆر لە ریال مەدرید باشتر و ئامادەترە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش دەچێتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و دەیەوێت سوود لە بۆشاییەکانی نێو پاشای چامپیۆنزلیگ وەربگرێت.
بەر لە یارییەکە بە رۆژێک، ئێرلینگ هالاند بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکەدا کرد و بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی شاهانە بەردەوامە.
گۆڵکاری پرێمەرلیگ، لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و هاندەرانی مانچێستەر سیتی چاوەڕێی گۆڵی زیاتری لێدەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکە بکات بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو.
تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لە دوایین 11 یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نە دۆڕاندووە و چاوی لەوەیە درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
لە ریزەکانی مانچێستەر سیتی تەنیا یۆسکۆ گڤاردیۆل و ماتیۆ کۆڤاچیچ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، یاریزانەکانی دیکەی تیپە شینەکەی مانچێستەر ئامادەن.
هەردوو تیپ لە قۆناخی خولدا بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، مانچێستەر سیتی ئەمە جاری دووەمی دەبێت دەچێتە بێرنابیۆ، لە جاری یەکەمدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی شاهانەی بردەوە و ئەو کاتە چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری یانەکە بوو، بەڵام ئەمەیان قۆناخی کرانە دەرەوەیە و جیاواز دەبێت.
بەشێوەیەکی گشتی هەردوو تیپ 15 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ریال مەدرید خاوەنی 6 بردنەوە و 29 گۆڵە، مانچێستەر سیتی 5 بردنەوە و 29 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 یاریی نێوانیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.