چاوەڕواننەکراو.. ئەگەری هەیە عێراق بیر لە کشانەوە لە پاڵاوتنی مۆندیال بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "فیفا هەڵسەنگاندنێکی هەڵەی بۆ پاڵاوتنەکانی ئاسیا کردووە و ئەگەر داواکارییەکەمان جێبەجێنەکرێت رەنگە ناچاربین بکشێینەوە."
 
رێنی مۆلینستین، یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەلێدوانێکدا لەبارەی دۆخی هەڵبژاردەکەوە بەر لە چوونی بۆ مەکسیک بۆ ئەنجامدانی یاریی پاشکۆی گەیشتن بە مۆندیال دەڵێت "دۆخی ئێستا زۆر ئاڵۆز و نادیارە، داخرانی ئاسمانی وڵات بووەتە هۆی گیرخواردنی نیوەی یاریزانەکانمان کە لە عێراق یاریی دەکەن، گەشتکردن لە رێگەی وشکانییەوە بۆ ماوەی 35 کاژێر بژاردەیەکی مەحاڵە و قبوڵکراو نییە."
 
رێنی رەخنە لە فیفا دەگرێت و دەڵێت "فیفا هەڵسەنگاندنێکی هەڵەی کردووە، بۆ سرووشتی ماندووکەری پاڵاوتنەکانی ئاسیا، ئەگەر داواکارییەکەمان بۆ دواخستنی یاریی رۆژی 31ـی 3 رەتبکرێتەوە، رەنگە ناچاربین بیر لە کشانەوە بکەینەوە، ئەمەش دەکرێت دەرگا بۆ هەڵبژاردەکانی وەکو ئیتاڵیا و ئیمارات بکاتەوە بۆ ئەوەی لە شوێنی ئێمە یاری بکەن."
 
یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دووپاتیدەکاتەوە، سەلامەتیی یاریزانەکان و خێزانەکانیان لە دۆخی شەڕدا لە پێشینەی کارەکانیانە، چونکە ئێستا بابەتەکە تەنیا یارییەکی تۆپی پێ نییە.
 
 ئەم قسانەی مۆلینستین لەکاتێکدایە گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق هەر لەبارەی دۆخی تیپەکەوە دەڵێت ""کاتێک لە هەر کارێکدا کە لە ژیاندا دەیکەیت سەرکەوتن بەدەست دەهێنیت، ئەوە پێویستی بە پلانداڕێژی و ئامادەکارییەکی زۆر هەیە، بەڵام ئێستا ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین. ئەگەر یارییەکە لە مەکسیک بێت، ئێمە کێشەی گەورەمان دەبێت بۆ دەرچوون لە بەغدا. نزیکەی 60٪ی یاریزانەکانم لە ناو عێراق یاری دەکەن، هەموو ئەندامانی تیمی یاریدەدەر لە عێراق دەژین، تیمی پزیشکیش لە قەتەر دەژین و ئێستا رووبەڕووی زەحمەتی دەبینەوە لە وەرگرتنی ڤیزای مەکسیک."
 
گراهام زیاتر گوتی "پلانی یەکەمم پێش هەموو ئەمانە ئەوە بوو کە کەمپێکی مەشقی بچووک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ جیاوازی کات و کەشوهەوا و بارودۆخی ئەوێ رابێین. بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە هەڵوەشێنرانەوە و کەمپە ئامادەکارییەکە هەڵوەشایەوە چونکە ناتوانین لە بەغدا بچینە دەرەوە."
 
لە کاتێکدا 31ـی ئەم مانگە هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی پاشکۆی مۆندیالدا بەرامبەر یەکێک لە هەڵبژاردەکانی بۆلیڤیا و سورینام یاریی دەکات، هێشتا چارەنووسی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەو یارییە بەتەواوی دیارنییە.