یانەیەکی ئەڵمانی گرێبەست لەگەڵ رۆژیار فریادی یاریزانی کورد واژۆ دەکات

رووداو دیجیتال

یانەی رۆت فایس ئۆبەرهاوزنی ئەڵمانی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ رۆژیار فریاد، یاریزانی لاوی کوردی تەمەن 19 ساڵ ئاشکراکرد و هیوایەکی گەورەی بەو بەهرەمەندە نوێیە هەیە.
 
رۆژیار فریاد، خەڵکی شاری هەولێرە و 10 ساڵە لەگەڵ ماڵباتەکەی لە وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری ئوبەرهاوزن دەژی، پێشتر لە یانەکانی کیگلار، ئۆبەرهاوزن و پۆتروس یاریکردووە، لەو وڵاتەدا بە رۆژیار ئەربیلی ناسراوە.
 
یانەی رۆت فایس ئۆبەر هاوزن، لە ساڵی 1904 دامەزراوە و لە شاری ئۆبەر هاوزنە لە رۆژئاوای وڵاتی ئەڵمانیا، ئێستا تیپەکە بەکۆکردنەوەی 56 خاڵ لە پلەی پێشەنگی خولی پلە چواری ئەڵمانییە و بەهێنانی ئەو هێرشبەرە کوردە هیوایەکی گەورەی بۆ داهاتوو هەیە. 
 
ئەو یانەیە لە رێگای تیمی دۆزەرەوەی بەهرەمەندەکان، تواناکانی رۆژیار فریادیان ئاشکراکردووە و ماوەیەکی زۆر بووە چاودێرییان کردووە و دواجار بڕیاریانداوە سوود لە تواناکانی وەربگرن و بە ئومێدێکی گەورەوە بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.
 
دانێل شیلگا، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی رۆت فایس هاوزن یەکێک بوو لەوانەی کە پێداگیری بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆژیار دەکرد، لەدوای واژۆکردنی گرێبەستەکە گوتی "چەند لایەنێکی گرنگ لە تواناکانی رۆژیار دەبینم لەوانە کۆنتڕۆڵی بەهێزی تۆپ، خێرایی و کارامەیی، چالاکی و خوێندنەوە و هەستێکی باش لە گۆڕەپان، هێرشبەرێکی ژیرە و دەزانێت بۆشایی لەنێو تیپی بەرامبەر و بەرگریکاران بدۆزێتەوە". 
 
پێنج یانە بەچڕی چاودێری تواناکانی رۆژیاریان کردووە و داوایانلێکردووە بۆ وەرزی داهاتوو یارییان بۆ بکات، بەڵام رۆژیار ئەربیلی لەبارەی هەڵبژاردنی یانەی دڵخوازی بۆ ماڵپەری یانەکە ئاشکرایکردووە "تیپە نوێیەکەی دڵخوازی من بوو، هەموو هەوڵێک بۆ پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و خزمەتی یانەکە دەدەم و پەرەی زیاتریش بە تواناکانی خۆم دەدەم".
 
راهێنەری یانەی رۆت فایس ئۆبەرهاوزن، لەبارەی بڕیاردان لەسەر ئەو یاریزانە زیاتر روونیکردەوە "رۆژیار تەمەنی لاوە و توانای گەشەسەندنی گەورەی هەیە و ئێمە هاوکار و پاڵپشتی دەبین بۆ پێشکەوتنی ئاستی، ئەمەش دوای ئەوەی زۆر چاودێریمان کردووە، یاریکردنی لە پێکهاتەی سەرەکی لە ئەستۆی منە و پێموایە جیا لە یاریزانە بە ئەزموونەکان ئەو جۆرە بەهرەمەندە زۆر گرنگن و رۆژیار توانایەکی باشی هەیە". 
 
لە ئەڵمانیا ئەستێرەی زۆر گەورەی کورد دەرکەوتوون، باڵکێشترینیان دەنیز ئونداڤ، یاریزانی کوردی یانەی شتوتگارت کە تواناکانی سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، یوسف ئەمین بەهەمانشێوە لە ئەڵمانیا پێگەیشتووە و دوای یاریکردن لەو وڵاتە ئێستا ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقە و لە خولی قوبرس یاریدەکات، رۆژیار فریادیش هیوایەکی گەورەی بۆ بوون بە ئەستێرە هەیە.