شۆک شۆک.. ڤاڵڤێردی بەتووندی سزا دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

رای گشتیی لە ئیسپانیا، چاوەڕێی زانینی بڕی سزای سەر فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، یاریزانی ناوەڕاستی ریال مەدرید دەکات، پاشئەوەی دەستدرێژی کردە سەر ئەلێکس بایینا، یاریزانی یانەی ڤیاریال، دوای یاری نێوان هەردوو یانە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەی لالیگا.
 
لەبارەی دۆسێیەکەوە، لیژنەی نیشتمانیی نەهێشتنی تووندوتیژیی ئیسپانیا رۆژی 17ی ئەم مانگە بۆ پێداچوونەوەی دەستدرێژیی ڤاڵڤێردی بۆ سەر بایینا کۆدەبێتەوە و ئەگەر پۆلیسی نیشتمانیی بڕیار بدات سکاڵاکەی یاریزانەکەی ڤیاریال بەرز بکاتەوە، ئەوکات لیژنەی نیشتمانیی تووندوتیژی هەڵسەنگاندن بۆ لایەنی تەندروستی و زیانەکانی دەکات.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کە دەبێ دادپزیشکی مەدرید، دەستنیشانی بکات رادەی زیان پێگەیشتنی بایینا و زیانمەندبوونی ئێسکی لاچەپی چاوی چەندە بەهۆی گورزە وەشێنراوەکەی ڤاڵڤیردییەوە و ئەوکات ئیدی سکاڵاکە دەچێتە ژێر لێپرسینەوەی یاسایی. بەڵام ئەگەر راپۆرتی دادپزیشکی وای دابنێت کە کاریگەریی لێدانەکە سووکە و زیانی نییە، ئەوکات ڤاڵڤێردی تەنیا بەلێسەندنی پارە سزا دەدرێت.
 
ئەوەش دەمێنێتەوە کە ئاخۆ دادپزیشک بڕیار دەدات بەهۆی ئەو لێدانەوە بایینا پێویستی بە چارەسەروەرگرتن یان نەشتەرگەری هەیە، ئەوکات ئیدی سزاکە زۆر قورس دەبێت لەسەر فیدریکۆ.
 
راپۆرتی میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێت، لە رووی وەرزشییەوە زەحمەتە سزای ڤاڵڤێردی بدرێت، بەتایبەت کە تاوەکو ئێستا لیژنەی پێشبڕکێکانی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێنەکردووە، چونکە وەک ئەوان دەڵێن، گرتەی 'شەڕەکە' لە راپۆرتی ناوبژیواندا باسنەکراوە، بەڵام ئەگەر هەیە پۆلیس لەبارەی رووداوەکەوە راپۆرتی خۆی بدات بە لیژنەی پێشبڕکێکانی لالیگا.
 
بەپێی ئەو ئەگەرانەی میدیای ئیسپانیا، بەپشتبەستن بە ئەگەرە یاساییەکان لەبەردەم چارەنووسی دۆسێیەکەدا دایانناوە، دوو ئەگەر سەرەکی لەبەردەم چارەنووسی دۆسێیەکەدا هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە دۆسێیەکە بدرێتە دەست فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەوکات سزایەکی وەرزشی لە راگرتن لە نێوان دوو تاوەکو چوار یاریی بەسەر ڤاڵڤێردیدا بسەپێنرێت، ئەوەش بەپێی سزا دەستنیشانکراوەکان بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە لە یاسای وەرزشیدا.
 
ئەگەری دووەم، سزاکەی قورسترە، سزاکە بریتی دەبێت لە راگرتن لە نێوان یەک تاوەکو شەش مانگ، لەگەڵ بێبەشکردن لە چوونە هەر یاریگەیەکی وەرزشی، ئەمەش لەو حاڵەتەدا روودەدات کە لیژنەی نیشتمانیی نەهێشتنی تووندوتیژی، بڕیار لەوە بدات ڤاڵڤێردی زیانی جەستەیی بە بایینا گەیاندووە.