رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، بەشێکی نوێی لە بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026 خستەڕوو کە نرخەکانیان زۆر بەرزە. نرخەکان کاردانەوەی تووندی هاندەرانیان بەدواداهات و لە جیهاندا کارەکە بە "بلیتەکانی مۆندیال فڕین" گوزارشتی لێکرا.
بەپێی ئەو کاردانەوانەی لە جیهاندا لەسەر نرخەکان هاتنە ئاراوە، پێشتر هیچ مۆندیالێک نرخی بلیتی یارییەکانی هێندە بەرز نەبووە.
فیفا بەشێکی نوێی بلیتەکانی لە ژێر ناوی 'ئاستی پێشەوە 1' خستەڕوو کە نرخی هەر بلیتێک لە یاریی نێوان ئەمریکا و پاراگوای لە ئینگلود لە رۆژی 12ی مانگی شەش بە 4،105 دۆلارە.
پێشتر، نرخی بلیتەکانی بەشی یەکەم کە گرانترین بوو لە 2،735 دۆلاری تێنەدەپەڕاند.
نرخی بلیتی یارییەکان لەسەرجەم یاریگەکانی جیهاندا، بەپێی شوێنی کورسیی نێو یاریگەدا دیاریی دەکرێت و بەش بەش کراوە، ئەو بەشانەی کە بینینی یاریی تێیاندا سەرنجڕاکێشە و لەناوەڕاستی یاریگەدایە گرانترینن، لە کاتێکدا نرخی بلیتەکانی پشت گۆڵەکان و نزیک لە کۆڕنەر هەرزانترینن.
فیفا بەشێکی نوێی بەناوی 'ئاستی پێشەوە 2' داناوە کە نرخەکانی لە نێوان 1940 تاوەکو 2،330 دۆلارە.
یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو لە نێوان 11ی مانگی شەش، تاوەکو 19ی مانگی حەوتی ئەمساڵ، لە 16 شاری جیاوازی دابەشکراو بەسەر ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئەنجامدەدرێن و یەکەم مۆندیالە 48 هەڵبژاردە بەشداریی تێدا دەکەن و ژمارەی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەکاتە 104 یاریی.
فیفا پێشتر لە بڵاوکراوەیکەدا رایگەیاندبوو کە ئاستی یەکەم گرانترین نرخی دەبێت و مەبەست لێی، کورسییە نزمەکانی ناوەڕاستی یاریگەیە، لە کاتێکدا ئاستی دووەم، کورسییەکانی ریزەکانی خوارەوە و سەرەوە دەگرێتەوە، لە دەرەوەی ئەو بەشەی بە ئاستی یەکەم دانراون.
زیادکردنی بەشەکانی 'پێشەوە 1 و پێشەوە 2'ئاماژە دەدات بەوەی کە فیفا کورسییەکانی هەندێک ناوچەی تایبەتی لە دەرەوەی پۆلێنکردنی پێشووی خۆی داناوە و بەوەش نرخەکانی زۆر گرانکردووە.
ئەگەرچی زۆر پرسیار لەبارەی میکانیزمی نرخی کورسییەکان لە یاریگەکانی مۆندیال ئاراستەی نووسینگەی راگەیاندنی فیفا کراون، بەڵام فیدراسیۆنەکە وەڵامی هیچ کام لەو پرسیارانەی نەداوەتەوە.
زیادکردنی نرخەکان، یاریی دیکەشی گرتووەتەوە، بۆ نموونە ئاستی پێشەوە 1 لە یاریی نێوان کەنەدا و بۆسنە کە لە 12ی شەش لە تۆرنتۆی کەنەدا ئەنجام دەدرێت، نرخی بلیت تێیدا گەیشتووەتە 3،360 دۆلار، لە کاتێکدا نرخی ئاسایی بلیتی یارییەکانی قۆناخی شانزە لە فیلادێلفیا بە 905 دۆلار دەستنیشانکراوە.
زیادبوونی نرخەکان، پەلیکێشاوە بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە 19ی مانگی حەوت ئەنجامدەدرێت. ئاستی یەکەمی بلیتی یارییەکە لە 8،680 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 10،990 دۆلار، لە کاتێکدا نرخی ئاستی دووەمی هەمان بلیت لە 5،575 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 7،380 دۆلار. ئاستی سێیەمیش کە پێشتر بە 4،185 دۆلار بووە، بەرزبووەتەوە بۆ 5،785 دۆلار.
فیفا رایگەیاندووە، سەرجەم بلیتەکانی یاریی کۆتایی مۆندیالی داهاتوو فرۆشراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ