"میونشن یان هیچ" ریال مەدرید لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و هەمووان نیگەرانن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، رۆژنامەیەکی نزیک لە یانەکە نووسیوویەتی "یان میونشن، یانیش هیچ." ئەربێلواش بەرگری لە ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر دەکات.
یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا کەوتە داوی یەکسانبوون لەگەڵ جیرۆنا و دوو خاڵی دیکەی لە رکابەرییەکانی خولی ئیسپانیادا لەدەستدا، بەمەش دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی یانەکە بەرزبووەوە، بەتایبەت ئەگەر بارسێلۆنا لە یارییەکەی ئەمڕۆیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە بگاتە 9 خاڵ.
یەکسانبوونی بەرامبەر جیرۆنا یەکەم یەکسانبوونی ئەلڤارۆ ئەربێلوایە وەکو راهێنەری ریال مەدرید، لەکاتێکدا لە 20 یارییدا 13 بردنەوەی هەیە، 6 جار دۆڕاوە و ئەنجامەکانی بە دڵی هاندەران و یانەی شاهانە نین.
ئەوەی دوای ئەو یەکسانبوونە بەر لێشاوی رەخنە کەوت، کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسییە، لەکاتێکدا یاریزانەکە بەشێوەیەکی گشتی لە 6 یاریی رابردوودا تەنیا 1 گۆڵی کردووە و هیچ گۆڵێکی دروست نەکردووە، لە دوایین 4 یاریی یانەکەشدا لە لالیگادا یاریزانەکە هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەش، رۆژنامەڤانان پرسیاریان لەبارەی ئاستی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ لە راهێنەری ریال مەدرید کرد، ئەربێلوا گوتی "ناتوانم نیگەران بم سەبارەت بەو یاریزانانەی خاوەنی ئەم جۆرە ئامارانەن، چی بڵێم دەربارەی دوو لە باشترین یاریزانەکانی جیهان؟ پێویستە لە زۆر لایەنەوە بە کۆمەڵ باشتر بین، بەتایبەتی بەرامبەر ئەو تیپانەی کە بۆ بەرگری دەگەڕێنەوە دواوە."
دوایینجار کە ریال مەدرید لە دوو یاریی لەسەریەک لە لالیگادا سەرکەوتنی بەدەستنەهێنابێت، لە وەرزی 2022-2023 بووە، ئەوکاتەش هەر بەرامبەر جیرۆنا بوو.
دوای لەدەستدانی ئەو دوو خاڵە گرنگە، رۆژنامەی مارکای نزیک لە یانەی ریال مەدرید وێنەیەکی ڤینیسیۆس جونیۆر و جود بێلینگهامی بە دڵتەنگییەوە لە بەرگی یەکەمی رۆژنامەکەدا داناوە و نووسیوویەتی "یان میونشن، یانیش هیچ". ئەمەش بە مانای ئەوەی پێویستە ریال مەدرید لە میونشن ریمۆنتادا بکات بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر مانەوە لە چامپیۆنزلیگدا بکات، لەکاتێکدا لە یاریی چووندا لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە یانە ئەڵمانییەکە دۆڕاوە.
بە دۆڕان لە یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لەم وەرزەدا نزیکدەبێتەوە لەوەی کە وەرزێکی سفریی لە بردنەوەی نازناودا هەبێت، کە هەرگیز ئەمە بۆ یانەیەکی وەکو ریال مەدرید جێگەی قبوڵکردن نییە و هاندەرانیشی ناتوانن بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
ئەمڕۆ ریال مەدرید هیچ مەشقێکی نابێت، یاریزانەکان پشوو دەدەن بۆ ئەوەی شیاندنەوەیەکی باشیان هەبێت، رۆژی یەکشەممە یانەکە ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات، رۆژی سێشەممە بەرەو میونشن بەڕێدەکەوێت و چوارشەممە یاریی لووتکە لەنێوان هەردوو یانە بەڕێوەدەچێت.
رۆژنامەی مارکا نووسیوویەتی " کەشی یارییەکە پێش چوون بەرەو یاریگەی ئالیانز ئارێنا، ئاماژەی بەوە دەدا کە ئەگەری پێشکەشکردنی شتێکی گەورەتر هەیە. ئەو پێکهاتەیەی کە ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن پشتی پێ بەستبوو، چەندین ناوی گەورەی تێدابوو کە توانای دروستکردنی جیاوازییان هەیە، وەک: ڤینیسیۆس، ئێمباپێ، بێلینگهام، ڤاڵڤێردی و میلیتاو، بەڵام تۆپی پێ جارێکی دیکە ئەوەی وەبیرهێناینەوە کە بابەتەکە تەنیا کۆکردنەوەی ناو و ئەستێرەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای کارکردنی ئەو ناوانە وەک یەک سیستەمی یەکگرتوو."
رۆژنامەکە دەڵێت "ئەم کێشەیە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نە کارلۆ ئەنچێلۆتی، نە چابی ئەلۆنسۆ و نە تەنانەت ئەربێلواش، سەرکەوتوو نەبوون لە چارەسەرکردنیدا".
لەنێو ئەو دۆخە خراپەی ریال مەدرید پێیدا تێدەپەڕێت، تروسکایەکی هیوا هەیە بۆ ئەوەی تیبۆ کۆرتوا، ئەستێرە و گۆڵپارێزی یانەی شاهانە بگەڕێتەوە، رۆژنامەی زە ئاتلێتیک دەڵێت "کۆرتوا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی بۆ یاریی رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بایرن میونشن بگەڕێتەوە و هاوکاریی تیپەکەی بکات، هەرچەند کاتی کردەیی بۆ گەڕانەوەکەی کۆتایی ئەم مانگەیە، هیوایەک هەیە، بەڵام زۆر بەهێز نییە".