ئەنچێلۆتی بڕیاری لەسەر چارەنووسی نەیمار دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی بەرازیل باس لە ئەگەری گەڕانەوەی نەیمار داسێلڤا بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی سامبا دەکات و رایدەگەیێنێت، دەرگای بانگهێشتکردنی بۆ ریزی هەڵبژاردەی بەرازیل کراوەیە، بەو مەرجەی یاریزانەکە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای جەستەیی خۆی.
کارلۆ لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی نەیمار لە مۆندیال ئاماژەی بەوە کردووە "نەیمار لەسەر رێگەیەکی راستە. دەبێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت و توانای جەستەیی باشتر بکات".
راهێنەرە ئیتاڵییەکە جەختی لەسەر ئامادەیی توانای جەستەیی یاریزانەکانی کردووەتەوە و دەڵێت "ئەو دەتوانێت 100٪ بگەڕێتەوە بۆ ئاستی توانای جەستەیی خۆی، چەندینجار گوتوومە و زۆر روونە؛ من ئەو یاریزانانە بانگهێشت دەکەم کە لەڕووی جەستەییەوە ئامادەن".
ئەنچێلۆتی دڵخۆشیی خۆی بە گەڕانەوەی ئەستێرە بەرازیلییەکە بۆ ناو یاریگەکان دەربڕی و گوتی "دوای پێکانەکەی لە ئەژنۆی، نەیمار بەباشی گەڕاوەتەوە و گۆڵ تۆمار دەکات".
نەیمار داسێلڤا دوای دابڕانی بۆ ماوەیەکی درێژ بەهۆی پێکان، ئێستا گەڕاوەتەوە نێو یاریگەکان و هەوڵدەدات پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 بگەڕێتەوە سەر ئاستی جارانی و پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی سامبادا بەدەستبهێنێتەوە.