ئەرجەنتین و مێسی بۆ مۆندیال ئامادەنین
رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ مۆندیالی 2026 رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، چونکە رووبەڕووی تیپە لاوازەکان دەبێتەوە، هاوکات داهاتووی لیۆنێل مێسی لەگەڵ تانگۆ تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
پاڵەوانی جیهان لە دوایین یارییە دۆستانەکانیدا لە رۆژانی 28 و 31ـی مانگی 3ـی 2026 بەرامبەر مۆریتانیا و زامبیا یارییکرد، ئەمەش هاندەران و میدیاکانی ئەرجەنتینی تووڕە کردووە.
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رووبەڕووی پرسیاری تووند بووەوە سەبارەت بە ئاستی ئەو تیپانەی یارییان لەگەڵ دەکەن. سکالۆنی گوتی "پێشبینیکردن بۆ مۆندیال کارێکی زۆر زەحمەتە". ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەش دان بەوەدا دەنێت یارییان بەرامبەر مۆریتانیا یەکێک بووە لە خراپترین یارییە دۆستانەکانیان.
سەرەڕای ئەوەی مێسی تەمەنی گەیشتووەتە 38 ساڵ، بەڵام هێشتا بەفەرمی بەشداریی خۆی لە مۆندیالی داهاتوو رانەگەیاندووە. سکالۆنی دەڵێت بڕیارەکە لای خودی مێسییە و بەپێی ئامادەیی جەستەیی و دەروونی خۆی دەبێت. مێسی لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالدا بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بوو، بەڵام پێدەچێت گومانەکانی لەبارەی ئاستی خۆی بەرامبەر تیپە بەهێزەکان هۆکار بن بۆ دواخستنی بڕیارەکەی.
مێسی ئێستا لە خولی ئەمریکی لەگەڵ ئینتەرمەیامی ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات، بەڵام دەترسێت لە مۆندیال نەتوانێت وەک جاران کاریگەریی هەبێت و نایەوێت ببێتە هۆکارێکی نەرێنی لەسەر هەڵبژاردەکە لە مۆندیال.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بووەتەوە. بڕیارە ئەرجەنتین پێش مۆندیال لە رۆژانی 6 و 9ـی مانگی 6ـی 2026 لە ئەمریکا دوو یاریی دیکەی دۆستانە بەرامبەر هندۆراس و ئایسلاند ئەنجام بدات، کە هیچ کام لەو هەڵبژاردانە نەگەیشتوونەتە مۆندیال. ئەم جۆرە ئامادەکارییانە وەک هەوڵێک بۆ قازانجی دارایی دەبینرێت نەک ئامادەکارییەکی تەکنیکی بۆ پاراستنی نازناوەکە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین خاوەنی سێ نازناوی مۆندیالە و لە دوایین مۆندیالدا لە قەتەر توانی نازناوەکە بباتەوە.