بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکاوە، مۆندیال رووبەڕووی تەنگژەیەکی دیکە بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەر لە مانگێک لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026، پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی تەنگژەیەکی نوێ بووەتەوە، بەهۆی هەڵبژاردەی ئێران و جەنگی پێشتری نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران.
هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان بۆ پاڵەوانێتییەکە، پڕۆسەی خۆکۆکردنەوە و ئامادەسازیی تەواویان بۆ گەشتکردن بۆ هەر سێ وڵاتی میواندار، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەستپێکردووە، بەڵام هەڵبژاردەی ئێران هێشتا کێشەی ڤیزای هەیە.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندووە، "تاوەکو ئێستا ڤیزای چوونە ژوورەوە بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەکە نەهاتووەتەوە، لە کاتێکدا پێدانی ڤیزا ماوەیەکی درێژی دەوێت".
هەڵبژاردەی ئێران خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، رووبکاتە تورکیا و لەوێ کەمپێکی ئامادەسازیی بۆ ماوەی 15 رۆژ ئەنجام بدات. بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە هیواخوازن لەو ماوەیەدا کێشەی ڤیزاکانیان چارەسەر ببن.
تاج رایگەیاندووە بەزووترین کات، هەوڵی کۆبوونەوە لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و ماتیاس گراڤسترۆمی ئەمینداری فیفا دەدات، لەپێناو قسەکردن لەسەر ئەو پێشهاتە.
پێشتر، مەهدی تاج ئاشکرایکردبوو هەڵبژاردەکەی بەشداریی لە مۆندیالی داهاتوودا دەکات، وێڕای جەنگی ماوەی رابردوو لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە کۆتایی مانگی دوودا بەرپابوو.
تاج کە هێرشی تووندی کردبووە سەر فیفا و بەبێ دەسەڵات ناویبردبوون، چەندین مەرجی بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەکەی لە مۆندیال راگەیاندبوو، لەنێویاندا دەستەبەری دابینکردنی ئاسایشی تەواو بۆ ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکەی و پاراستنیان لە گێچەڵپێکردن لەکاتی بوونیان لە وڵاتانی میوانداریکەر.
هەڵبژاردەی ئێران، سەرجەم یارییەکانی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال بەرامبەر هەریەکە لە نیوزیلەندا، بەلجیکا و میسر لەسەر خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدات.
پێشتر، دەسەڵاتدارانی کەنەدا رێگەی چوونە نێو وڵاتەکەیان، بەمەهدی تاج نەدا بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی گشتیی فیفا، بەهۆی ئەندامێتی لە سوپای پاسدارانی ئێران کە کەنەدا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی.
ئێران لە رۆژانی جەنگی ماوەی رابردوودا، داوای گواستنەوەی یارییەکانی لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک کردبوو، بەڵام فیفا داواکارییەکەی رەتکردەوە.